بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی سەبارەت بە پڕۆژەی یەكتربڕی باخی بەختیاری ئاگاداری شۆفێران دەكاتەوە، كە كاری قیركردن بۆ شەقامەكە ئەنجام دەدرێت و تاوەكو كاتژمێر 10ی شەو ئاراستەی هاتن بۆ ناوشار دەبێتە یەك لەین و جەنجاڵی هاتووچۆ دروست بووە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە ئاگادارییەكدا بۆ شۆفێران، كە وێنەی دراوە بە (خەڵك) ڕایگەیاندووە، پاش ئەوەی شەوی ڕابردوو لە پڕۆژەی یەكتربڕی باخی بەختیاری بە ئاراستەی ناوشار كاری بڕین (قشت) كردن بۆ بەشێك لە قیری شەقامە جێگرەوەكە ئەنجامدرا، ئەمڕۆ پڕۆسەی قیرتاوكردنەوەی ئەو شەقامە دەستپێدەكاتەوە بەمەبەستی لیڤڵكردنی قیری سەرجەم شەقامەكە وەك یەك.
ڕاشیگەیاندووە، لە ئێستادا بەهۆی كاركردنەوە ئاراستەی هاتن بۆ ناوشار بووەتە یەك لەین و جەنجاڵی هاتووچۆ دروست بووە لەو شوێنەدا.
هاتووچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەكات، “تا كاتژمێر ۱٠:٠٠ ی ئەمشەو گەر كارێكی گرنگیان نەبێت ئەو شەقامە بەكارنەهێنن و لە دوای كاتژمێر ۱٠ و نوێكردنەوەی قیرەكە، شەقامە جێگرەوەكە بە سێ لەین دووبارە كراوە ئەبێت بەڕووی شۆفێراندا”.