لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوەكانی چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، زۆربەی دەنگە ناڕازی و هەڵسوڕاوە دیارە زویربووەكانی ئاشت بكاتەوە و لە دواین هەوڵیشدا لیژنەكە لەگەڵ عەبدوڵای مەلا نوری كۆبوونەتەوە.
عەبدوڵای مەلا نوری، لە خوولی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان ئەندامی پەرلەمان بوو لە فراكسیۆنی گۆڕان، بەڵام دواتر بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ سەركردایەتی بزووتنەوەكە دەربارەی چوونە ناو حكومەت و بێدەنگبوون لە ئاست كێشە و ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی كوردستان، لەگەڵ چەند هەڵسوڕاوێكی دیكە وازیان هێنا.
كاردۆ محەمەد، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەكە لە نووسینێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، “لێرەش، لەگەڵ کاک عبدوڵای مەلا نوری و هاوڕێێان، گفتوگۆمان لەبارەی پرۆسەی ئاشتەوایی و پێکەوە کارکردن کرد”.
دەشڵێت: “ڕامان وایە پرۆسەکە وا ئاسان نیە، وەک وایە فیل بە بازاڕی شووشەدا ببەیت و بتەوێ شوشەکان نەشکێن، بەڵام سوورین و ماندوو نابین”.
پێشتر لە 4ی ئەم مانگەدا لیژنەی ئاشتەوایی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە و كاردۆ محەمەد وتی، “ئومێد بەخش بوو، لەبەر ئەوەی ویستێکی بەهێز بۆ خۆڕێکخستنەوە و پاراستنی شوناسی گۆڕان هەیە”.