وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، كە ئەمساڵ چەند بەرهەمێكی ناوخۆ هەناردەی دەرەوە دەكەین و دەشڵێت: “بەهەدەرچوونی رەنجی جووتیاران و فڕێدانی بەرهەمەكانیان لەسەر شەقامەكان زۆر كەمبووەتەوە”.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، لە پلان و بەرنامەماندایە ئەمساڵ بەرهەمەكانی ترێ، هەنار، سێو و هەنگوین هەناردەی بازاڕەكانی دەرەوە بكەین.
وتیشی، “ئێمە ناتوانین هەموو بەرهەمێك هەناردەی دەرەوە بكەین و دەبێت پێویستیی ناوخۆ پڕبكاتەوە و تایبەتمەندییەكانی لەگەڵ خواستی دەرەوەدا بگونجێت و ئەوەش پێویستی بە ڕاهێنانی جووتیاران هەیە”.
ئاشكراشیكرد، لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵی ڕابردوودا بەهەدەرچوونی رەنجی جووتیاران و فڕێدانی بەرهەمەكانیان لەسەر شەقامەكان زۆر كەمبووەتەوە.
جەختیشی كردەوە، بەو پێیەی ئێمە لەگەڵ عێراق یەك دەوڵەتین پێویستە بازاڕمان یەك بێت و ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆ زیادن لە بازاڕەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ساغدەكرێنەوە.