سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری هەرێم لە بەغدا ڕایگەیاند، داوای مووچەی مانگی 6 و بودجەی تەواوی مانگی 7مان لە بەغدا كردووە و سەبارەت بە پێدانی دوو مووچە بەیەكەوە دەڵێت: “ئەگەر پارەی هەردوو مانگەكە ڕەوانە بكرێت، ئەوا مووچەی هەردوو مانگەكە دابەش دەكرێت”.
ئێوارەی دوێنێ پێنج شەممە، شاندی هەرێمی کوردستان، کەماوەی چەند ڕۆژێکە سەردانی بەغدای کردووە، لەبارەی کۆی شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق کارەکانی تەواو کرد و لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا زانیاری لەسەر کۆی پرۆسەی دانیشتنەکان خستەروو.
د. ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم وتی، “داوایان لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق کردووە لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە کاری وردبینی بکرێت و لە ئەمساڵدا لە رێکەوتی ٢٦ی حوزەیرانەوە دەبێت هەموو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە بنێردێت.
وتیشی، “لیژنەیەک لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا پێکهێندراوە و لە ماوەی مانگێکدا پاکسازی بۆ شەش مانگی رابردوو دەکرێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە یاسای بودجە هاتووە، کە دەبێت هەرێم نەوت ڕادەستی حکومەتی بەغدا بکات و لە رێکەوتی ٢٥ی حوزەیرانەوە ڕۆژانە ٥٠ بۆ ٦٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا کراوە و لە ماوەی داهاتوودا ڕێژەکە بەرزدەکرێتەوە و لە كۆنووسی كۆبوونەوەكان وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەی چەسپاندووە، كە نەوتیان ڕادەست كراوە و هەموو پابەندییەكانمان جێبەجێ كردووە.
سەبارەت بە پێدانی دوو مووچەی مانگی 6 و 7 و ڕێككردنەوەی لەگەڵ عێراق، ئومێد سەباح وتی، “نووسراومان كردووە بۆ مووچەی مانگی 6، كە 912 ملیار دینارمان پێ بدرێت و هەروەها نووسراومان كردووە بۆ كۆی بودجەی مانگی 7 چونكە لە مانگی 7دا بودجە چۆتە بواری جێبەجێ كردنەوە، بۆیە ئەگەر پارەی هەردوو مانگەكە ڕەوانە بكرێت، ئەوا كێ لاری لەوە هەیە هەردوو مووچەكە بدرێت؟”.