ئەندامێكی پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، وەزیری بەرگری و سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق دووپاتیان كردەوە، كە سوپای وڵاتەكەیان لە ئاستی دابینكردنی پاراستن و بەرگریدا نییە و دەشڵێت،”پەرلەمان دووجار لەسەر هێرشەكانی وڵاتانی دراوسێ كۆبووەتەوە، بەڵام هەڵوێستەكان سنوورداربوون بە لێدوانی ئیدانەكردن”.
سۆران عومەر، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە پشكی كۆمەڵی دادگەری بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، پەرلەمانی عێراق دوو جار لە سەر هێرشەكان كۆبووەتەوە، بەڵام هەڵوێستەكان سنووردار بوون بە لێدوانی ئیدانەكردن، بۆیە هێرشەكانی توركیاش بۆ سەر زەوییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەبێ پچڕان بەردەوامە.
وتیشی،”یەكەم كۆبوونەوە دوای بۆردومانكردنی گوندی بەرخی سەر بە زاخۆ بوو، كە تێیدا هاووڵاتیانی عێراق بونە قوربانی و دەرئەنجامی كۆبوونەوەكە خرایە بەردەم وەزیری دەرەوەی عێراق، هەروەها لە كۆبونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش ئامادە بوو، هەموو لایەك ئەو هێرشانەیان شەرمەزار كرد، بەڵام هەوڵە ئەمنییەكان و هەوڵەكانی دیكە لە ئاستی ئیدانەكردن تێنەپەڕی”.
ڕاشیگەیاند، لە دووەم كۆبوونەوەی پەرلەماندا باس لە هێرشەكانی ئێران بۆ سەر حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كرا، ئەم كۆبوونەوەیە بەبێ ئەنجام كۆتایی هات ، بۆیە عێراق ناتوانێت سەروەری و كەرامەتی خۆی بپارێزێت.
ئاشكراشیكردووە، كە وەزیری بەرگری و سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق بانگهێشتی پەرلەمان كرابوون، ئەوانیش بە ڕوونی ئەوەیان خستەڕوو، كە سوپا لە ئاستی پاراستنی خۆیدا نییە، بە بیانووی بوونی هێزی دژبەر، كه وڵاتانی دراوسێ بە ئاسانی دەتوانن سنوورەكان ببڕن، بەداخەوە وڵاتانی دراوسێش خەڵكی سڤیل و ئاوارەكانی ناو كەمپەكان ناپارێزن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هەوڵیانداوه هاووڵاتیانی قوربانی ئەو هێرشانە بە شەهید هەژمار بكرێن و داوای قەرەبووكردنەوەشیان بۆ كردوون، بە فەرمی ئەو داواییەشیان ئاراستەی حكومەت و سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كردووه ، لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا نوێنەری قوربانیان سەردانی پەرلەمانی عێراقیان كرد، پشتیوانییان لێكردوون.