بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی لەگەڵ لیژنەی هاتووچۆی خوێندكاران لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت كۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئامادەین بۆ هەر پاڵپشتییەك لەپێناو پتەوتركردنی پڕۆسەی هاتووچۆی خوێندكاران و دەشڵێت: “دەیەوێت باشترین سیستم بۆ هاتووچۆی خوێندكاران دابنرێت و چیتر گرفتێك نەمێنێت بەناوی كێشەی هاتووچۆ”.
پاشنیوەڕۆی یەك شەممە 4-12-2022 مامۆستا بەناز ڕەمەزان، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بەئامادەبونی هێمن عومەر، لێپرسراوی یەكەی كارگێڕی و خزمەتگوزاری پێشوازی لە لیژنەی هاتووچۆی خوێندكاران لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی، لیژنەكە لە كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاندووە، ڕێكخستنی میكانیزمی هاتووچۆكردنی خوێندكاران پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام كێشە و گرفتیش هەیە و دەیانەوێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پەروەردە چارەسەریان بكەن.
لای خۆیەوە، مامۆستا بەناز ڕەمەزان ڕایگەیاند؛ ئەركی لیژنەكە قورسە و ئاسان نییە، بەڵام ئەركێكی پیرۆزە، چونكە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پاراستنی گیان و ژیانی خوێندكارەوە هەیە و وتیشی، “ئامادەی هەر جۆرە پاڵپشتی و هاوئاهەنگییەكە بۆ باشتركردنی پڕۆسەكە”
جەختیكردەوە، كە چاوپۆشی لە هیچ سكاڵایەك ناكەن لەبارەی پڕۆسەی هاتووچۆی خوێندكاران بە پەروەردە بگات، ڕاستەوخۆش لەگەڵ كارگێڕی خوێندنگەكان و لیژنەكانی ناو ناوەندەكانی خوێندن لە پەیوەندیدان بۆئەوەی هەمیشە دڵنیابن لەوەی پڕۆسەی هاتووچۆی خوێندكاران هیچ كێشە و گرفتێكی نییە.
وتیشی، “دەبێت تێڕوانینی پەروەردە و لیژنەكەش بۆ باشتركردنی پرۆسەی گواستنەوەی خوێندكاران یەكبخرێت و میكانیزمەكە پتەوتر بكرێت”.