دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی تورکیا بەرامبەر دۆلار و دراوەکانی دیکە بەردەوامە، ئەمڕۆ دۆلارێک بە 27.23 لیرەی تورکی مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ی تەممووزی 2023، بەر لە کرانەوەی بۆرسە و بازاڕە داراییەکانی تورکیا، دۆلارێکی ئەمریکی بە 26.35 لیرە مامەڵەی پێوە کرا، بەڵام دوای ماوەیەک لەکرانەوەی بازاڕەکان لیرە زیاتر دابەزی و نرخی یەک دۆلار بووە 27.23 لیرە. هاوکات یەک یۆرۆ بە 30.36 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 20ی تەممووز بانکی ناوەندیی تورکیا، بڕیار لەسەر سوودی بانکی بدات و پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن سوودی بانکی بەرز بکاتەوە.
بەگوێرەی راپرسیی ئاژانسێكی بەریتانی، چاوەڕوان دەکرێت بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سووی بانکی بۆ 20% بەرز بکاتەوە.
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ی ئایاردا یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام دوای هەڵبژاردنەکان و بردنەوەی ئەردۆغان یاک دۆلار گەشتە ٢٦ لیرە .
بۆ کەمکردنەوەی هەڵئاوسان بانکی ناوەندی تورکیا رۆژی 22ی حوزەیرانی 2023، رێژەی سوودی بانکیی بە 650 خاڵی بنەڕەتی یان بە رێژەی 6.50% زیادکرد و گەیاندیە 15%، ئەوەش کەمتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکان. لە ماوەی یەک مانگدا و لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەوە لیرەی تورکی نزیکەی 30%ی بەهای لەدەستداوە.