سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا پلەی سەرۆکایەتی شارەوانی کفری بەرزبکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی زیاتر خزمەتكردتی دانیشتووانی شاری كفری، ڕەزامەندیی لەسەر بەرزكردنەوەی پلەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی كفری دا و بە زووترین كاتیش بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت و پلەی شارەوانیی كفری بەرز دەكرێتەوە.
بە پێی فەرمانێكی ئەنجومەنی وەزیران/ نووسینگەی سەرۆكوەزیران كە ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە، ڕۆژی دووشەممە، ١٧ى تەممووزی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، بە پێی ماددەی دەیەم لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان، ژمارە ٦ ساڵی ۱۹۹۳، ڕەزامەندیی لەسەر داواکارییەكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پێشان دا بۆ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی کفری لە پلە دوو بۆ پلە یەک.
ماڵپەڕەکە ڕوونیشیکردەوە کە بە زووترین كات ئەو بڕیارەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، جێبەجێ دەكرێت و پلەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی كفری بەرز دەكرێتەوە.