شارەزایەكی بواری كەشناسی پێشبینییەكانی بۆ دۆخی كەشوهەوا و بارینی بەفر و باران لەم مانگە و مانگی 1ی ساڵی 2023 ڕادەگەیەنێت و دەشڵێت: “ئەم پێشبینیانە بەپێی لێكدانەوە و وردبینیمانە لەسەر نەخشەكان و بەپێی شیكاری زانستیە”.
محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەهۆی جێگیربوونی ناوچەیەكی پەستان بەرزی باكووری خۆهەڵات لەسەر عێراق و توركیا پێشبینی دەكەین ئەم ماوەیە بەگشتی كەش و هەوا جێگیربێت و هەندێك جار هەور و خۆریش دەبێت تەنیا ڕۆژانی 7 و 8 ی مانگ نەبێت ئەگەری بڕێك بارانی كەم و وردە بەفر هەیە لەناوچە شاخاوییەكان.
ڕاشیگەیاند، لە دوای 8ی مانگەوه نزمە پەستانێكی جەمسەری بەهێز زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دەگرێتەوه و ئەگەری بارانی بەخوڕ هەیە لەگەڵ بارینی بەفری باش، كە ئەمەش كاریگەری لەسەر هەرێم نابێت بەهۆی جێگیری بەرزە پەستانەكەوه
وتیشی، “بەگشتی ناوچەكانی كوردستان و عێراق و توركیا و بەشێكی زۆری ئێران لە ۲ شەپۆلی بەهێز بێبەش دەبن و ئاماژەكان و لێكدانەوەكان ئەوه دەردەخەن، كە ئەگەری هەیە تا نزیك 20ی12 شەپۆلی سەرانسەری لەئارادا نەبێت ئێمە ناڵێین وشكە، بەڵام ئەم بەرزه پاڵەپەستۆییە كەمێك درێژخایەن دەبێت و دواتر كۆتایی دێت و دەرگای شەپۆلە باران و بەفرەكان دەكرێنەوه”.
جەختیشی كردەوە، دروستبونی بەرزە پاڵەپەستۆ و جێگیربوونی حاڵەتێكی زۆر ئاساییە و لەهەموو وڵاتانی جیهان ئەم حاڵەتە ڕوودەدات لەهەموو ساڵاندا بەتایبەت وەرزی دابارین، بۆیە شتێكی ئاساییە و نامۆ نیە، كە بۆماوەیەك باران نەبارێت تەنانەت لەساڵە تەڕەكانیشدا بەرزە پاڵەستۆ هەر هەبووه و كۆتایشی هاتووه واتا حاڵەتێك نیە هەمیشەیی بێت و جێگیر بێت.
ئەو شارەزایەی كەشناسی ئاماژەی بەوەشكرد، لەم مانگە و مانگی داهاتووش شەپۆلی باران هەیە پشت بەخودا و گۆڕانكاری بەردەوام هەیە لەمانگەكانی داهاتووش ئاماژەكان بەگشتی دڵخۆشكەرن و ئەوەمان پێدەڵێت، كە ئەمساڵ ئەگەری وشكەساڵی یەكێك دەبێت لەئەگەرە لاوازەكان و ئەو بارانەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو باری زەوی تەواو تێرئاو كرد و لە وشكی ڕزگاری كرد، بۆیە تاماوەیەكی زۆریش باران نەبارێت گرفت دروست نابێت و شەوانیش تەم و مژاوییە و ڕێژەی شێ لەهەوادا بەرزە ئەمەش خۆی بۆخۆی بارانێكە دەبارێت و ڕێگە لەوشك بوونی زەوی دەگرێت.