وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەرەتای ئەم کابینەیە ئەولەویاتی کارەکانمان دابینکردنی مووچەبووە، ئەوەش وایکردووە وەک پێویست نەتوانرێت پرۆژەکان جێبەجێ بکرێن.
بە پیی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ دووشەممە (٢٠٢٣/٧/١٧)، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت پێشوازی کرد لە نوێنەری خۆپیشاندەران و دانیشتوانی گوندەکانی دۆڵی سماقوڵی.
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە:”لەماوەی چوارساڵی رابردوو هەرچی لەتواناماندا بوبێت لە وەزارەتی دارایی بۆ خزمەتی دەڤەری کۆیەو دۆڵی سماقوڵی درێغیمان نەکردووە و لەمەودواش هەرچیمان پێبکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی ئەو ناوچانە بەئەرکی خۆمانی دەزانین”.
هەروەها نوێنەری خۆپیشاندەران و گوندەکانی دۆڵی سماقوڵی دەستخۆشیان لە وەزیری دارایی کرد کە ڕەزامەندی لە سەر جێبەجێکردنی پرۆژەی دابین کردنی فیدەری کارەبا بۆ ئەو گوندانەی دۆڵی سماقوڵی دەربڕیوە، کە ماوەی چەند ساڵێکە کێشەی نزمی ڤۆڵتیەی کارەبایان هەیە.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا وەزیری دارایی ڕایگەیاند دوای ساڵانێک لە رەخنەگرتن و ئۆپۆزسیۆن بون، بەئامانجی چاکسازی بەشداری حکومەتمان کردووە ، لەسەرەتای ئەم کابینەیە ئەولەویاتی کارەکانمان دابینکردنی مووچەبووە، ئەوەش وایکردووە وەک پێویست نەتوانرێت پرۆژەکان جێبەجێ بکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی ڕابردودا چاکسازی جدی لە ناو دام و دەزگاکانی وەزارەت کراوەو کاری باشیش بۆ بنیاتنانی ژێرخانی دامەزراوەکانی حکومەت کراوەو دەرئەنجامەکانی لە دوو ساڵی داهاتودا زیاتر دەردەکەون.