سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە بەغداوە ڕایدەگەیەنێت، كە سبەینێ چەند كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ شاندی عێراق هەیە و دەشڵێت: “داوامان كردووە تاوەكو پێنج شەممە مووچە ڕەوانە بكرێت”.
د. ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی شاندی هەرێم و بەغدا هەبووە و سبەینێ چەند كۆبوونەوەیەكی تیمی دارایی و نەوت و تیمە هونەرییەكان لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجام دەدرێت.
ڕاشیگەیاند، هەموو بەڵگەنامەكانی خەرجی و پێویستییەكانمان هێناوە بۆ بەغدا و سەرۆك وەزیرانی عێراق شاندی خۆیانی ڕاسپاردووە بۆ هەماهەنگی تەواو و ناردنی هەرچیی زووە بودجەی هەرێم.
وتیشی، “داوامان كردووە مووچەی مانگی 6 بەتەواوی ڕەوانە بكرێت بەپێی بودجە، كە 912 ملیار دینارە و داوامان كردووە تا ئەو پەڕی ڕۆژی پێنج شەممە مووچە ڕەوانە بكرێت تاوەكو مووچەی فەرمانبەران دوانەكەوێت”.
بڕیارە سبەینێ سێ شەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆببێتەوە و بڕیار لە ناردنی پارەش بۆ هەرێم بدات.