بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەکاتی دەستگیرکردنیان بەهۆی دروستکردنی کێشەوە، پێشمەرگەیەک و هاووڵاتیەک ڕووبەڕووی هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی دەبنەوە و دەشڵێت: “هەردوو تۆمەتبارەکە لەئێستادا دەستگیرکراون”.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ئەوەی لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی کێشەیەک لە نێوان دوولایەندا دروست بوو، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی سلێمانی بەدەم کێشەکەوە چوون.
ئاشكراشی كردووە، “دوو تۆمەتبارەكە کاردانەوەیان بەرامبەر هێزەکانی پۆلیس نواند، سەرەنجام توانرا هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیر بکرێن”.
ڕاشیگەیاندووە، “لە ئێستادا تۆمەتبار (ا ، ع ، م) لە دایکبوی ساڵی 1983یە و پیشەی پێشمەرگە و (ش، ا، ع) لەدایکبوی ساڵی 2005ە و پیشە کاسبە، بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 230 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە گەڵیان بەردەوامە و لەلایەن بنکەی پۆلیسی چوارچراوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە”.