سبەینێ دووەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە وەرزی دووەمی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات و چوار پرۆژە یاسا خوێندەوەی یەکەمیان بۆدەکرێت
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ، ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی تەممووزی 2023، کارنامەی دانیشتنی ژمارە (2)ـی وەرزی دووەمی یاسادانانی بڵاوکردەوە کە بڕیارە سبەینێ کاتژمێر ١٠ بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی ئەو کارنامەیەی بڵاوکراوەتەوە، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ چوار پڕۆژەیاسا دەکات، کە بریتین لە پڕۆژەیاساکانی (دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، دژەتیرۆر، کۆلێژی فڕۆکەوانی سوپا و پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی لێخۆشبوونی خاوەن پاسپۆرتی دیپلۆماسی و خزمەتگوزاری و تایبەت لە ڤیزەی چوونە ژوورەوە لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و رووسیا).
ئەم دانیشتنە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاساکانی هەموارکردنی یەکەمی یاسای سندوقی نیشتەجێبوونی عێراقی ژمارە (32) بۆ ساڵی 2011، قەرەبووکردنەوەی تووشبووانی کەمی بەرگری لەش، هەمواری نۆیەمی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ژمارە (40)ی ساڵی 1988 و چوار پڕۆژەیاسای دیکە تەواوکرد.
رۆژی سێشەممە 4ـی تەممووزی 2023، مورتەزا ساعدی، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی و سەرۆکی فراکسیۆنی ‘سەنەدی نیشتمانی’ لە پەرلەمانی عێراق لە نووسراوێکدا داوای لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد، پێشنیازەیاسای “قەدەغەکردنی هاوڕەگەزبازی” لە عێراق بخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنێکی وەرزی دووەمی یاسادانانی پەرلەمان.