مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ڕزگاری تۆمەتباری ڕووداوەكەی شەوی رابردوی شەقامی سالمی شاری سلێمانیان دەستگیركرد.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردو شەر ِو دەمەقاڵێ لەنێوان دوو شۆفێردا لەشەقامی سالم (سەهۆڵەكە) ڕوویدا و یەكێك لەشۆفێرەكان بەچەقۆ زیانی بەئۆتۆمبێلی بەرامبەر گەیاند و دواتر بۆ شوێنێكی نادیار هەڵات، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و لێكۆڵینەوه لەڕووداوەكە و دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد.
ڕاشیگەیاند، سەرەنجام دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ڕزگارییەوە بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت.
جەختیشی كردۆتەوە، لەئێستادا تۆمەتبار (أ، ص، ح) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 477 لەیاسای سزادان ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە.