بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسە جیهانییەکان، شەپۆلێکی گەرمای بەهێز وڵاتانی ئەورووپا دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە ئەورووپا بگاتە سەروى ٤٠ پلەی سیلیزی.
ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسە جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، لە هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی گەرمای بەهێز بە هۆی دیاردەیەکی گەردونیەوە بە ناوی “سیربیروس” روودەکاتە ئەورووپا و ناوەندی کەشناسی ئیتاڵیا ئەو شەپۆلەی بە ئەژدیهای سێ سەر وەسف کردووە.
ئاماژە بەوەشدراوە، وڵاتی یۆنان بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە چەندین ناوچەی گەشتیاری بەڕووی گەشتیاراندا داخستووە بەهۆی ئەوەی پلەی گەرما لە ئەسینا گەیشتووەتە ٤٠ پلەی سیلیزی و بەرپرسانی ئەو وڵاتە هۆشداری دەدەن لە کەوتنەوەى ئاگر لە دارستانەکانی ئەو وڵاتە، هەروەک چۆن لە ساڵی ٢٠٢١ ئاگرێکی گەورە دارستانەکانی یۆنانی گرتەوە.
بەگوێرەی ناوەندی کەشناسی ئەوروپی، مانگی تەمووز گەرمترین مانگ بووە و هەر بە هۆی بەرزی پلەکانی گەرما لە باکووری ئیتاڵیا پیاوێکی تەمەن ٤٠ ساڵی گیانی لەدەستداوە.
لەلایەکی ترەوە چەند رۆژێكە، شەپۆلێكی گەرمای بەهێز، ناوچەكانی باشوری ئەمریكای گرتۆتەوە كە لە كالیفۆرنیاوە درێژدەبێتەوە تا تەكساس و چەند بەشێكی ویلایەتی فلۆریدا.
بە گوێرەى میدیاکانى ئەمریکا، ئەو گەرمایە مەترسی دروست كردوە لەسەر تەندروستی بەساڵاچوان و كرێكاران و كەسانی بێلانە و چەندین ئاهەنگ و فێستیڤاڵ دواخران.
دەسەڵاتدارانی ئەمریكا، زەنگی مەترسیی لێدەدەن بەهۆی شەپۆلی گەرماوە و رێنمایی هاوڵاتییان دەكەن خۆیان بەدوربگرن لە چونەدەرەوە لەرۆژدا و جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكاش رایگەیاند: شەپۆلی گەرما و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، کاریگەرییان کردوەتە سەر ملیۆنان هاوڵاتی وڵاتەکە.
ئەوە لە کاتێکدایە، رێکخراوی کەشناسی جیهانی (WMO) بڵاویکردەوە، پلەکانی گەرما لەسەر رووی دەریا لە مانگەکانی ئایار و حوزەیران و تەمموزدا، گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و زیاتریش بەرز دەبنەوە.