جوتیارانی کۆیە بەهۆی وەرنەگرتنی گەنمەکانیان لە بەردەم سایلۆی هەولێردا گردبوونەوە و باس لەوە دەکەن، گەنمیان لێوەرناگرن چونکە ئەو بڕەی بۆ هەولێر دیاریکراوە پڕ بووەتەوە.
لەو بارەیەوە ئەو جوتیارانە باس لەوەدەکەن، “نووسراوی فەرمی حکومەتی عێراقمان هەیە کە مافی رادەستکردنی گەنممان هەیە کە ئەو بڕەمان لێوەربگرن، بەڵام بڕەکە پڕبووەتەوە و گەنمەکە لە ئێمە وەرنەگیراوە.”
ئاماژە بەوەشدەکەن، “دەمانەوێت بزانین ئەو بڕە گەنمە کێ لەبری ئێمە داویەتی، لەکاتێکدا دەبوایە ئەو بڕە گەنمە ئێمە بیدەین و نووسراوی فەرمی وەزارەتی بازرگانی عێراقمان هەیە.”
ئەوەشیان خستەڕوو، “دەمانەوێت دۆسیەکە بدرێتە دادگا و ئەو گەنمەی لەبری ئێمە دراوە دەستی بەسەردا بگیرێت و مافمان بۆ بگێڕنەوە.”
هاوکات سەروەر هاواری بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە راگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی کێشەی گەنمی جوتیاران پێکهێندراوە و لیژنەکە لەگەڵ بەرپرسانی سایلۆ و لایەنە پەیوەندارەکان کۆدەبێتەوە بۆ پاراستنی مافی جوتیاران.
بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی وتیشی، لیژنەکە لە چوار کەس پێکهاتووە و دڵنیایی بە سەرجەم جوتیارانیش دەدەین کە مافی هیچ جوتیارێك نافەوتێت لەو 500 هەزار تۆن گەنمەی کە حکومەتی عێراق لە جوتیارانی کوردستانی وەردەگرێت.