دەزگاى هەواڵگریى نیشتیمانیى عێراق رایگەیاند؛ دادوەرى پێشووى شەرعی رێکخراوى داعش لە ویلایەتى دیجلە لە پارێزگاى سلێمانى دەستگیرکراوە،
لە راگەیێندراوێکدا دەزگاى هەواڵگریى نیشتمانیى عێراق رایگەیاند، ئەو بەرپرسەى رێکخراوى داعش ناوى عیکاب حەمەد نەجرس دالی-یە و بە “ئەبو جەمال” ناسراوە، پێشتر دادوەرى شەرعی رێکخراوى داعش بووە لە ویلایەتى دیجلە، هەروەها بەرپرسی ناوچەکانى شاخى مەخموور و شەرگات و جەزیرە حەزە بووە لە سنوورى پارێزگاى سەڵاحەدین،ساڵى 2017 هەڵاتووە بۆ سووریا و ئەمساڵ دزەى کردووەتەوە بۆ نێو خاکی عێراق.
دەزگاى هەواڵگریى نیشتیمانیى عێراق ئاماژەى بەوەداوە، ئەو داواکراوە بە هاوکارى دەزگاى دژە تیرۆر و بەپێی بڕیاری دادوەری لە پارێزگاى سلێمانى دەستگیرکراوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەزگای هەواڵگریى نیشتیمانیى عێراق، ئەبو جەمال ئەو کاتەی دادوەری شەرعیی داعش بووە،چەندین فەتوای دەرکردووە کە هانی بەئامانجگرتن و کوشتنی هێزە ئەمنییەکان و ئەوانەی هاوکاریان دەکەن، لەساڵى 2017 هەڵاتووە بۆ سووریا و لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش بووە. بە فەرمانى بەرپرسانى ئەو رێکخراوە ماوەیەک لەمەوبەر گەڕاوەتەوە عێراق.