فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای كەركوك ئەمڕۆ رایگەیاند، هەوڵی بە قاچاخبردنی 30 هاوڵاتی بیانی لە هەولێرەوە بۆ بەغدا پوچەڵكردۆتەوە كە بەنیازبون ئەو هاوڵاتیانە بۆ بەغدا بەشێوەی نایاسایی بگوازنەوە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بۆسەیەكی ورد بۆ دەستگیركردنی ژمارەیەك قاچاخچی بیانی دانرا، دوای ئەوەی زانیاری پشتڕاستكراوە لەبارەی نیازی بەقاچاخبردنی 30 كەسی بیانی لە نەتەوە جیاوازەكان لە پارێزگای هەولێرەوە بۆ پارێزگای بەغدا گەیشتە هێزە ئەمنیەكان كە قاچاخچیەكان بەنیازبون لەناو ئۆتۆمبێلێكی بیناسازی لەڕێگای نایاساییەوە بۆ بەغدا بیانگوازنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكەدا سەرجەم قاچاخچیەكان و شۆفێری ئۆتۆمبێلەكان كە كۆی گشتیان 39 كەس بون بەپێی ماددەی 240 لەیاسای سزادانی عێراقی دەستگیركران، هەروەها دەستیش بەسەر سێ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلێكی تایبەتدا گیراوە.
ئەوەش خراوەتەڕو، تیمەكانیان بەردەوام دەبن لە هەڵمەتەكانیان بۆ نەهێشتنی سەرپێچیكاران و ڕێگەنەدان بە هەر حاڵەتێك كە بچێتە چوارچێوەی یاسای بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە.