وەزارەتی كارەبای هەرێم ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك گۆڕانكاری لە نرخی كرێی كارەبا لەسەر هاوڵاتیان نەكراوە و تەنها ئەو یەكە نیشتەجێبووانەی بە High Cost ناسراون، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی نموونەیی ئەزموونیدا كارەبایەكی ٢٤ كاتژمێرییان بۆ دابینكراوە و چاودێریی دەرئەنجامەكانیشی دەكرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی كارەبای هەرێم هەندێك پەیجی سۆشیاڵ میدیا بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی دەستیان بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی بێبنەما و ناڕاست لەبارەی كرێی كارەبا كردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزارەتی كارەبا، هاوڵاتییان و هاوبەشانی كارەبا بە هەموو پۆلەكانییەوە دڵنیادەكاتەوە بە هیچ شێوەیەك گۆڕانكاری لە نرخی كارەبا نەكراوە و تەنها ئەو یەكە نیشتەجێبووانەی بە High Cost ناسراون، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی نموونەیی ئەزموونیدا كارەبای ٢٤ كاتژمێرییان بۆ دابینكراوە و چاودێریی دەرئەنجامەكانیشی دەكەن و بۆ پشتڕاست كردنەوەی ئەم بابەتە، بووەتە بڕیار و لە وەقايئعی كوردستان بڵاوكراوەتەوە.
هاوکات، وەزارەتی كارەبا بە مافی خۆی دەزانێت سكاڵا لەسەر ئەوانە تۆماربكات هەواڵ و زانیاریی ناڕاست و مەبەستدار لەبارەی كار و چالاكییەكانی ئەم وەزارەتە خزمەتگوزارییە بڵاودەكەنەوە.