دۆسیەی 25 دەفتەر دۆلارەکەی نێوان پەرلەمانتارێکی پێشووی کۆمەڵ و هاووڵاتییەك بەردەوامە و پەرلەمانتارەکەش دەڵێت، قسەکانی ئەو هاووڵاتییە ناڕاستن و بەڵگەی نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هەورامان گەچێنەیی، پەرلەمانتاری پێشووی کۆمەڵی دادگەریی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سکاڵای یاسایی لەسەر عەتای دارتاش تۆمارکرد کە تۆمەتباری کردووە بەوەی 25 دەفتەر دۆلاری خواردووە.
گەچێنەیی ڕایگەیاند ئەو کەسە ویستوویەتی ناوی بزڕێنێت.
جەختیشیکردەوە لەوەی تۆمەتەکانی ناڕاستن و ئەو قسەیەشی ناڕاستە کە ڕایگەیاندبوو هەورامان گەچێنەیی بە پارەی زەکاتەوە کاسبی کردووە.
ئامادەییشی دەربڕی بۆ قبوڵکردنی بڕیاری هەر دادگایەکی شەرعی یاخود یاسایی بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە.
هەورامان گەچێنەیی، ئەو هاووڵاتییەش تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵیداوە سەرانەی لێبسەنێت و هێزەی چەکداریشی ناردووەتە سەر ماڵەکەی.