دەستەی ئامار ڕایگەیاند ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزاری تێپەڕاند و تەنها ٢١٪ی دانیشتووان گوندنشینن.
ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جیهانیی دانیشتوواندا، ئامارێکی دەربارەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
دەستەی ئامار دەڵێت: “نەبوونی سەرژمێری لە عیراق بۆ ٣٦ سال کەلێنێکی گەورەی خستۆتە سەرچاوەی گرنگی داتاکانی پلانەکان لەبەر نەبوونی نیشاندەرەکانی دیموگرافی بە ووردەکاریەکانیەوە”.
ڕوونیشیکردەوە کە بەپێی خەمڵاندنی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێ ژمارەی دانیشتووان لە هەرێم بۆ ئەمساڵ بگاتە شەش ملیۆن و ٥٥٦ هەزار و ٧٥٢ کەس و رێژەی گەشەی دانیشتووان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بە ٢%. دەخەمڵێندرێت.
ئاماژەش دراوە بەوەی ژمارەی نێر و مێ لە هەرێمی کوردستان لە یەکسانیی نزیکە، بە جۆرێك سێ ملیۆن و ٢٩٦ هەزار و ٢٤٠ی دانیشتووانی هەرێم نێرن و سێ ملیۆن و ٢٦٠ هەزار و ٥١٤یان مێن.
دەستەی ئامار ئەوەشی خستەڕوو کە ٧٨،٤% دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شارنشین پێکدێنن و٢١،٦% گوندنشین.