هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە



“ئێستا رۆژانە زیاتر لە 150 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رەوانەی پاڵاوگەکانی حکومەتی عێراق دەکرێت.”
هەناردە و بەکارهێنانی بەشێک لە نەوتی کوردستان دەستیپێکردەوە و سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، رۆژانە زیاتر لە 150 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رەوانەی پاڵاوگەکانی حکومەتی عێراق دەکرێت. ئەمەش دوای زیاتر لە چوار مانگ لەڕاگرتنی هەناردەو فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دێت”

رۆژی 25-03-2023 هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگای نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس کەیسێکی لەنێوان تورکیا و عێراق یەکلاییکردەوە.

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرا کرد، “ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگیی وەزارەتی نەوتی عێراقە و لە چوارچێوەی یاسای بودجەدایە، بەمەش یاسای بودجە لەڕووی پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان 100% چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیچ کێشەیەکی نەماوە”.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، “دوای ئەوەی ئەو بڕە نەوتەی کوردستان درایە پاڵاوگەکانی ناوخۆ، فرۆشتن و هەناردەی نەوتی کەرکووک دەستی پێکردەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەڕێگەی بەسرەوە”.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 06-07-2023، لە پەراوێزی کۆنگرەی ساڵانەی ئۆپێک لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا رایگەیاند، دانوستاندنەکان لەگەڵ تورکیا بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتـی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە کە بە وتەی بەرپرسانی تورکیا، بەهۆی بوومەلەرزەکەی چەند مانگێک لەمەوبەرەوە زیان بە بۆرییەکە گەیشتووە.

لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، ئەو سەرچاوەیە ئەوەی خستەڕوو، “تورکیا تاوەکو ئەم ساتە بە فەرمی وەڵامی عێراقی نەداوەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی فرۆشتنی نەوتی کوردستان، و هیچ گرفتێکیش نەماوە تەنها جەند بیانوویەک نەبێت ،بەڵام ئیمە لەهەوڵی خۆمان بەردەوامین و  ژمارەیەک گرێبەستی نوێ واژۆ کراون بۆ فرۆشتنی نەوتی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای جیهانی.

عێراق چوار گرێبەستی لەگەڵ تۆتاڵ واژووکرد
پێت عێراق چوار گرێبەستی لەگەڵ تۆتاڵ واژووکرد
زیاتر لە پێنج هەزار سزادراو لە چاکسازییەکانی هەرێمدان
دوات زیاتر لە پێنج هەزار سزادراو لە چاکسازییەکانی هەرێمدان
پەیوەنیدر