“عێراق بە پلان جوڵەی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێم سنووردار دەکات”



لەکاتێکدا جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و کونسوڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر زیادکردنی قەبارەی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەکەنەوە، بەڵام بازرگانانی کورد دەڵێن حکومەتی عێراق جوڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم سنووردارکردووە و گواستوویەتییەوە بۆ دەروازەکانی تری عێراق.

حاجی بەختیار کە بازرگانێکی کوردەو لە نێوان عێراق و ئێراندا کاری بازرگانی دەکات، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند “عێراق پێناسەی گومرگی جێبەجێ ناکات، بەڵام پێناسەی گومرگی لە دەروازەکانی هەرێم 100% جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش وایکردووە بازرگانەکان دەروازەکانی هەرێم جێبهێڵن و ڕوو لە دەروازەکانی عێراق بکەن.”

پێناسەی گومرگی بەو لیستە دەوترێت کە حکومەتی عێراق ئاراستەی دەروازەکانی کردووە تا کاری پێبکرێت، ناوی ئەو کاڵاو شمەکانەو بڕی گومرگەکانیان تێدا تۆمار کراوە.

حاجی بەختیاری بازرگان دەڵێت: “حکومەتی عێراق هەندێک کەرەستەی لە گومرگ بەخشیووە، بۆ نموونە کارگەیەک پێویستی بە 100 تۆن چیمەنتۆیە و 1000 تۆن بە بێ گومرگ دەهێنێت، 900 تۆنەکەی تری دەفرۆشێت، کەچی ئەمە لە هەرێم نییە.”

ڕۆژی 6 ی ئەم مانگە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و نەسروڵا رەشنودی کونسوڵی ئێران لە هەرێم کۆبوونەوە، جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان و رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان کردەوە بە جۆرێک لە بەرژەوەندی بازرگانانی هەردوولادا بێت.

جگە لە دەروازە لاوەکییەکان، سێ دەروازەی نێو دەوڵەتی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا هەن، بریتین لە دەروازەکانی باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران. داهاتی مانگی رابردووی دەروازەی پەروێزخان 26 ملیار دیناری عێراقی بووە.

سەرچاوەیەک لە دەروازەی پەروێزخان کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمریکای وت: “گەر هاوکاری بازرگانەکان بکرێت هاوشێوەی دەروازەکانی عێراق، داهاتی دەروازەکە لە مانگێکدا بەرز دەبێتەوە بۆ 35 ملیار دینار، بەڵام کارئاسانی بۆ بازرگانەکان ناکرێت.”

لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانەوە، مادەی شیرەمەنی، کەرەستەی بیناسازی و سەوزە و میوە هاوردە دەکرێن، ئەمە جگە لەو کاڵاو شمەکانەی لە وڵاتانی ترەوە هاوردە دەکرێن و بەناو خاکی ئێران دا دەهێنرێنە عێراق و هەرێم.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاند: “ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و هەرێم بەردەوامە، بەتایبەت لە باری سەوزە و شیرەمەنی و کەرەستەی بیناسازی، بەڵام ئەو بارانەی بە شێوەی ترانزێت دەهێنرانە ئێران و لەوێوە هاوردەی هەرێم دەکران 90% کەمیانکردووە.”

پێشتر چەندین جۆر باری خواردەمەنی و کاڵاو شمەک لە وڵاتی چین و وڵاتانی ترەوە دەهێنرانە بەندەر عەباسی ئێران و لەوێوە هاوردەی هەرێم دەکران، بەڵام لە ئێستادا ئەو بارانە ناهێنرێنە هەرێم و راستەوخۆ لە بەندەری ئوم قەسرەوە هاوردەی عێراق دەکرێن.

سیروان محەمەد دەڵێت: “بەهای دۆلار کە بانکی ناوەندی پاڵپشتی ئەو بازرگانانە ناکات و دۆلاریان بەنرخی هەرزان پێنادات کە لە ئێرانەوە کاڵاو شمەک دەهێنن، ئەمەش هۆکاریکی تری کەمبوونەوەی جوڵەی بازرگانییە.”

ژمارەیەکی زۆر لەو بازرگانە کوردانەی پێشتر لە دەروازەکانی هەرێم کاری بازرگانییان دەکرد، لە ئێستادا ڕوویان لە دەروازەکانی تری عێراق کردووە بۆ بازرگانیکردن، بەو پێیەی لەو دەروازانەوە زیاتر کارئاسانییان بۆ دەکرێت، ئەمەش زیانی بە جوڵەی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێم گەیاندووە.

جیاوازی گەرمای نێوان دوو شاری هەرێم دەگاتە 16 پلەی سیلیزی
پێت جیاوازی گەرمای نێوان دوو شاری هەرێم دەگاتە 16 پلەی سیلیزی
ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
دوات ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
پەیوەنیدر