بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، دەستی بەسەر كۆگایەكی هەڵگرتنی خۆراك لە شوێنی بەخێوكردنی ئاژەڵدا گرت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە و دەستكەوتنی زانیاری، هێزەكانی ئاسایش توانیان ڕێگری بكەن لە ساغكردنەوەی بڕێكی زۆر لە خۆراكی ماوە بەسەرچوو.
ڕاشیگەیاندووە، لەدرێژەی كار و چالاكیەكانی هێزەكانی ئاسایش بە مەبەستی سەلامەتی هاووڵاتیان و ئاسایشی ئابوری و ڕێگریكردن لەو خۆراكانەی، كە زیان بە تەندروستی هاووڵاتیان دەگەیەنێت، لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، لە ٢٠٢٣/٧/٦ توانرا زیاتر لە (سێ) تۆن خۆراك، پێكهاتبوو لە (برنج، ڕۆن، شەكر، دۆشاو) كەبەشێوەیەكی نەشیاو لە شوێنی بەخێوكردنی ئاژەڵ (گەوڕ)دا عەمبار كرابوون، دەستیبەسەردا بگیرێت.
جەختیشی كردۆتەوە، تۆمەتبارێك بەناوی ( م، ف، ص ) دەستگیر كراوە، كەبەنیازی ساغكردنەوەی بووە لە بازاڕدا و لە ئێستادا تۆمەتبار بەماددەی (٢٤٠) لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی بەردەوامە.