ئەمڕۆ سێهەم و دواڕۆژی كۆنگرەی گشتی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان كەنەكە لە شاری ڤێنلۆی هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت بە بەشداری زۆرینەی حیزب و لایەنەكانی چوار پارچەی كوردستان.
داوا دەكرێت كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان ببێتە كۆنگرەی چوارپارچەی كوردستان و لە ژێر هەژموونی پەكەكە دەربچێت، كۆنگرەیەك ئامادەبێت بۆ قۆناغێكی گرینگ دوای شكستهێنان بە هێرشەكەی ئەردۆغان بۆ سەر ڕۆژئاوا بە گووشاری نێودەوڵەتی و هاودەنگییە گەورەكەی بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە پرسی ژینا ئەمینیدا دروستبوو.
كۆنگرەی گشتی كەنەكە لە ڕۆژی هەینی دەستيپێكردووە و ئەمڕۆ كۆتاییدێت، تێیدا كۆنسەی سەرۆكایەتی و هاوسەرۆكان هەڵدەبژێردرێن، وێڕای گفتووگۆ لەسەر ڕەوشی چوارپارچەی كوردستان.
ئەمە یەكەم كۆبوونەوەی ڕووبەڕووی ئەندامانە لە دوای پەتای كۆرۆناوە كە لە هۆڵەندا دەبەسترێت.
سەردار وەلەدبەیگی ئەندامی شاندی هاوپەیمانی سەربەخۆخوازانی كوردستان لە كۆنگرەی گشتی كەنەكە لە لێدوانێكدا بۆ (خەڵك) دەڵێت “ئەمە 21هەمین كۆبوونەوە و كۆنگرەی گشتی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان كەنەكەیە بۆ دەنگدان لەسەر كۆنسەی نوێ و هاوسەرۆكانی نوێ لە ڕێگای دەنگدانی ئەندامانەوە”.
وەلەدبەیگی دەشڵێت “زیاتر لە 40 حیزب و ڕێكخراوی سیاسی كوردستانی لە چوارپارچە بەشدارن، ئێمەش وەك هاوپەیمانی سەربەخۆیخوازانی كوردستان بە شاندێك بەشدارین، بەگشتی نزیكەی 400 بۆ 500 كەس ئامادەن”.
ڕاشیگەیاند “ڕۆژی یەكەمی كۆنگرەكە بەشداران قسەیان كرد، تاووتوێی ڕەوشەكەیان كرد، قسەیان لەسەر یەكڕیزی و یەكگرتوویی ناو ماڵی كورد كردووە”.
هەروەها ناوبراو باسی لەناوەرۆكی گوتاری شاندەكەیان كرد كە لەلایەن جەمال پوور كەریم سەرۆكی هاوپەیمانی سەربەخۆیخوازانی كوردستانەوە لە كۆنگرەكەدا پێشكەشكراوە و تێیدا پێداگری كرد لەسەر ئەوەی سێ پارچەكەی دیكەی كوردستان پشتگیری شۆڕشی ژینا و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بكەن داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەكان بكەن یەكڕیز بن.
لە ئەو گوتارەدا ڕەخنە لە كەنەكە گیرا كە بەو شێوازەی ئێستا ناتوانێت كۆنگرەی نەتەوەیی چوارپارچەی كوردستان بێت، ئێستا زیاتر وەك كۆنگرەی پەكەكە ناوی دەهێنن، بۆیە دەبێت هەموو حیزبەكان پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان و لایەنەكانی دیكە تێیدا بەشدار بن و ڕۆڵیان هەبێت، كەنەكە نەكەوێتە ناو ململانێ و شەڕی حیزبەكانەوە، ئەوكات دەبێت بە كۆنگرەی نەتەوەیی بۆ چوار پارچەی كوردستان.
هەر دوێنێ لە دەنگدانێكی گشتیدا لەسەر پێشنیازی زوبێر ئایدار هەریەكە لەئەحمەد قەرەمووس و زەینەب موراد وەك هاوسەرۆكانی كەنەكە جارێكی دیكە هەڵبژێردرانەوە و دووبارە كرانەوە بە هاوسەرۆك لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەوە.
بەستنی 21هەمینی كۆنگرەی كەنەكە لە حاڵێكدایە، باشووری كوردستان لەژێر گووشارێكی بێ پێشێنەی ئێران و توركیادایە، هەڕەشەی لەشكركێشی و هێرشی سەربازی لەسەرە، ڕۆژئاوا لەژێر گووشاری توركیایە هەڕەشەی داگیركاری لەسەرە، ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە نێو شەپۆلێكی توندی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی نزیك بە سێ مانگەدایە، باكووری كوردستانیش لە ژێر گووشاری دەوڵەتی توركدایە.
شرۆڤەكارانی سیاسی لە ئەو باوەڕەدان جگە لە بەستنی كۆنگرەی كەنەكە، پێویستە حیزب و لایەنە سیاسییەكان چوارپارچە باشتر یەكڕیز بن و خۆیان بۆ ئەو قۆناغە گرنگە ئامادە بكەن، ناكۆكییەكانیان بەلاوە بنێن و تێكۆشانێكی سەرانسەری كوردستانی لەناوخۆ و دەرەوە دەستپێبكەن، كە هاوتای گووشارەكان و وەڵامدەرەوەی قۆناغەكە بێت.
شرۆڤەكاران ئەو پشتگیرییە نێودەوڵەتییەی بۆ كوردیش دروستبووە، بە گرنگ دەزانن بە تایبەت بۆ ڕۆژئاوای كوردستان و شكستپێهێنانی هەوڵی لەشكركێشی دەوڵەتی تورك، ئەو هاودەنگییە لەناوخۆی ئێران و دەرەوەی ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شۆڕشی ژینا ئەمینی دروستبووە.