سبەینێ یەک شەممە پشووی هاوینەی پەرلەمانی عێراق كۆتایی دێت و وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانیی دەست پێدەکاتەوە.
فەرمانگەی میدیای پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرۆکایەتی پەرلەمان دەستپێکردنی وەرزی دووەمی یاسادانان بۆ ساڵی دووەمی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند، کە سبەی یەک شەممە 9ی تەمموزی ٢٠٢٣ دەست پێدەکات.
ڕاشیگەیاندووە، لیژنەکانی پەرلەمان لە سبەی یەک شەممەوە دەست بەکارەکانیان دەکەن و یەکەم دانیشتنی وەرزەی دووەمی یاسادانان ڕۆژی شەممە ١٥ی تەمموزی ٢٠٢٣ بەڕێوەدەچێت.
پەرلەمانی عێراق لە ڕۆژی 9ی ئایاری ٢٠٢٣، بەهۆی بەردەوامی دانیشتنەکانی تایبەت بە گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژە یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، وەرزی یاسادانانی خۆی درێژکردەوە تا ئەو کاتەی پرۆژە یاسای بوودجەی گشتیی پەسەندكرا و دواتر چووە پشووەوە.