سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی ئەرکی ئێمەیە و ئاگر لە دەستی ئەو کەسانە دەکەینەوە کە دەیانەوێت گەندەڵی بکەن.
ئەمڕۆ شەممە، لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە بۆنەی غەدیردا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی ئەرکی ئەوانە، ئەمەش تەنها ڕێگری کردن نیە لە بەهەدەردانی داهات، بەڵکو دەبێت هەمووان بە یەکسانی سود داهاتەکان وەربگرن.
سەبارەت بە ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، “ئەو کاتەی براکەی ئیمامی عەلی ویستی پارە دەربهێنێت لە ‘بەیتولمال’ عەلی ئاگری خستە دەستی براکەی ئێمەش هەمان ڕێگا بەکاردەهێنین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی”.
سودانی باسی لەوەکرد، پێویستە ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، خۆیان لە خەڵک دوورنەخەنەوە و بەردەوام نزیک بن لە هاوڵاتییان، وتیشی داوایان لە وەزیر و بەڕێوەبەرایەتیەکان کردووە دەرگاکانیان بە ڕووی هاوڵاتیاندا بکەنەوە و لە دوای دەوامی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی کاروباری خەڵک بمێننەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق کاتی دەوامی فەرمانبەران زیادکرا. هاوکات تا ئێستا بەهۆی گەندەڵییەوە محەمەد شیاع سودانی چەندین کەسی لە پۆستەکانیان دورخستوەتەوە کە پلەی پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی تێدابووە.