بانكی ناوەندیی عێراق دوو بڕیاری نوێی بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دەركرد و لە هەفتەی داهاتووەوە دەچنە بواری جێبەجێ كردنەوە.
بانكی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێكدا بۆ بانك و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو، كە ئەمڕۆ 6-7-2023 بە ژمارە 9/5/391 دەریكردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیاریانداوە لە ڕۆژی یەك شەممەی داهاتووەوە 9-7-2023 پشكی گەشتیاران لە ڕێگەی ئاسمانی و وشكانییەوە بۆ پێدانی دۆلار بكرێتە 3 هەزار دۆلاری مانگانە.
جەختیشی كردۆتەوە، پشت بەستن بە سەكۆی ئەلیكترۆنی بۆ فرۆشتنی دۆلار تایبەت دەبێت بە تۆماركردنی زانیاری پڕۆسەی فرۆشتنی ڕۆژانەی كاش (نەختینە) بە گەشتیاران.
هاوكات، بانكی ناوەندیی لە نووسراوێكی دیكەدا، كە هەر ئەمڕۆ بە ژمارە 9/5/390 دەریكردووە بۆ كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆری (B) ئاماژەی بەوەكردووە، لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەكانی بانك بۆ سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕ و نرخی بازاڕ و بەهۆی بەرزبوونەوەی داواكاری بۆ بەدەستهێنانی دراوی بیانی لە بازاڕەكان بڕیاریاندا بە زیادكردنی بڕی دۆلاری كاش (نەختینە).
ڕاشیگەیاندووە، بڕیاریانداوە پێدانی دۆلاری كاش بە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەفتەیەكدا زیاد بكەن بۆ 750 هەزار دۆلار بۆ هەر كۆمپانیایەك و بڕیارەكەش لە ڕۆژی یەك شەممەی داهاتووەوە جێبەجێ دەكرێت.
دوابەدوای ئەم بڕیارەی بانكی ناوەندی، ئێوارەی ئەمڕۆ نرخی دۆلار لە بازاڕەكان كەمێك دابەزی و 100 دۆلار بوو بە 147 هەزار و 500 دینار و بە وتەی شارەزایانی دراو، هەفتەی داهاتوو بەهای دۆلار زیاتر دادەبەزێت.