کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتیەکان ڕایدەگەیەنێت، بۆ مانگی تەمموز و ئاب بڕی ١٠٠ لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت.
کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتیەکانی كەركوك لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەستی بە دابەشكردنی پشكی خێزانەكان لە بەرهەمی نەوتی سپی كردووە لە پارێزگای كەركوك و شارۆچكە و شارەدێیەكانی.
ڕاشیگەیاندووە، دابەشكردنی نەوت بەپێی كارتی نەوتی ژمارە (1)ی ساڵی نوێ دەبێت.
ئاشكراشی كردووە، بۆ هەر خێزانێك بڕی (100) لیتری بۆ مانگی تەمموز و ئاب (7 و 8ی 2023) پێ دەدرێت ئەوەش وەك ئامادەكارییەك بۆ وەرزی زستانی داهاتوو.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە هەرێمی كوردستان لە زستاندا نرخی یەك بەرمیل نەوت گەیشتە نزیكەی 300 هەزار دینار و حكومەتی هەرێم تەنها لە ناوچەكانی دەرەوەی شار و گوندەكان نەوتی دابەش كرد، بەڵام هاووڵاتیانی ناو شارەكان چەند ساڵێكە چاوەڕێی نەوتن.
حكومەتی عێراق ساڵانە چەند جارێك نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكات، كە بۆ هەر بەرمیلێك بڕی 30 هەزار دینار وەردەگرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم بەرمیلی بە زیاتر لە 100 هەزار دینار دابەش كرد.