بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، پێشوازی لە هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن لە سەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەریی و هاوسەنگی هێز هەر ویستێکیش لەدەرەوەی ئەم ئامانجە باڵایە رەتدەکەنەوە،
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندە و ئەفسەری باڵای یەکە سەربازییەکان کۆبووەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دوایین هەنگاو و بڕیارەکانی رێکخستنەوە و چاکسازیکردن و درێژەدان بەمەشق و راهێنان و بەرزکردنەوەی توانای سەربازی و هەواڵگری هێزی پێشمەرگە ئامادەبووانی بەرچاوڕوونکرد و رایگەیاند، هەموو هەوڵەکان بە ئاڕاستەی رێکخستنەوەی هێزەکان و ئامادەکردنەوەیەتی لەچوارچێوەی پەیکەربەندییەکی نوێدا تاوەکو هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە بونیاد بنێین کە پارێزەری راستەقینەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بێت.
وتیشی: پێشوازی لە هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەریی و هاوسەنگی هێز هەر ویستێکیش لەدەرەوەی ئەم ئامانجە باڵایە رەتدەکەینەوە، بۆیە پێویستە هەموو فەرماندە و ئەفسەرەکانی هێزی پێشمەرگە بە ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن و وەک هەمیشە لەخزمەت کوردستاندا بن.
راشیگەیاند، دەبێت هەموو هێزە سەربازی و ئەمنییەکان هاوکار و هەماهەنگبن، پێکەوە لەچوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا ئەرکەکانیان رابپەڕێنن و پارێزەری ژیانی خەڵک بن.