شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و پلەی گەرما بگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی.
ئەمڕۆ سێشەممە محەمەد کەلاری شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، لە کۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە گۆڕانی بەرچاو لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەستپێدەکات، بەتایبەت ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی.
ڕوونیشیکردەوە کاریگەری شەپۆلە گەرماکە بە گشتی لەسەر ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری هەرێم دەبێت، بەڵام پارێزگاکانی دیکەش بێبەش نابن لەم گەرمایە.
محەمەد کەلاری ئەوەشی خستەڕوو لە سەرەتای شەپۆلەکەدا بەرزترین پلە لە هەولێر تۆمار دەکرێت و بەرزترینی ٤٧ تا ٤٨ پلە دەبێت و نزمترینیش ٢٥ پلە.
سەبارەت بە سلێمانیش پێشبینی دەکرێت بەرزترین پلە تێیدا ٤٤ تا ٤٦ پلە بێت و نزمترینیش ٢١ پلە.
لە هەڵەبجە بەرزترین لە نێوان ٤٣-٤٥ پلە و دهۆکیش دەگاتە٤٤ پلە.
محەمەد کەلاری ڕاشیگەیاند، پێشبینی دەکرێت بەرزترین پلەی گەرمای کەرکوك بگاتە ٤٩ و لە سنوری ئیدارەی گەرمیانیش گەرما دەگاتە بەرزترین ئاست و پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی نیوەڕۆ و دوا نیوەڕۆی ڕۆژانی هەینی و شەممەدا پلەی گەرما لە ناوەندی قەزای کەلار بگاتە سەروو ٥٠ پلەی سیلیزی.
لەو بڕوایەشدا بوو کە شەپۆلی گەرماکە تا ١٧ی ئەم مانگە بەردەوام بێت.