وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سبەی یەكەم كاروانی حاجییانی هەرێم كە بەڕێگەی وشكانی سەفەری حەجیان كردووە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان و لە 7ی مانگیشەوە تا 11ی مانگ سەرجەم حاجییان دەگەڕێنەوە.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕاگەیاند، لە فەریزەی حەجی ئەمساڵدا 4 هەزار و 658 حاجی لە هەرێمی كوردستانەوە لەڕێگای وشكانی و ئاسمانییەوە سەفەری حەجیان كردووە و 4 حاجیش گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، سبەی دوو شەممە 3ی تەمموز یەكەم كاروانی حاجییانی هەرێم، كە پێشتر بەڕێگای وشكانی چووبوون بۆ حەج هەر لە ڕێگای وشكانی و لەدەروازەی سنوری عەرعەرەوە دەگەڕێنەوە ڕۆژی پێنج شەممە دەگەنەوە هەرێمی كوردستان.
وتیشی، “كۆتایی هەفتە و لە ڕۆژی هەینی 7/7/2023 كاروانی حاجییانی هەرێم لە ڕێگەی فڕۆكەخانەكانەوە دەست بە گەڕانەوە دەكەن و تاوەكو 11ی مانگ سەرجەم حاجییان دەگەڕێنەوە هەرێم”.
لە فەریزەی حەجی ئامساڵدا چوار حاجی بەناوەكانی (ئەختەر ئەحمەد، ڕەحیمە قادر، حەسەن عەبدوڵڵا، عەیش عەبدوڵڵا) گیانیان لەدەستداوە.