بێباوەڕەکان لە باوەش بگرن



شەماڵ محەمەد

ناونیشانی بابەتەکە کەمێک سەیرە ، بەڵام گەر بە وردی بیخوێنیتەوە ڕەنگە تێڕوانینت بەرامبەر زۆر شت بگۆڕێ .

سەرەتا با بزانین بێباوەڕ (ملحد) مانای چییە ؟
لە فەرهەنگ : ملحد ئەو کەسەیە کە شتێک دەشارێتەوە .
وەک زاراوە : ملحد ئەوانەن کە باوەڕیان بە ئاین و خودا و شتە نادیارەکان نییە .
لە کوردی وشەی بێباوەڕ- ئەتایستی بۆ بەکاردێت، دیارە کە ئەتایست لە بنەرەتدا وشەیەکی ئینگلیزییە (Atheist)

بە کێ دەگوترێ بێباوەڕ ؟
هەرکەسێک باوەڕی بە خودا یا پەیامە ئاسمانییەکان نەبێ، یا گومانی هەبێ، ئەوا بە بێباوەڕ ئەژماردەکرێ بەڵام دوای ئەوەی خودا و ئاین و پەیام بەڕونی تێبگا، واتە دوای ئەوەی کرۆکی ئاینی لەلا ڕوون دەبێتەوە ئینجا بڕیاربدا کە باوەڕی پێی نییە، نەک کەسێک کە هیچ دەربارەی پەیام و ئاین نازانێ، یان بە هەڵە لە ئاین تێگەیشتووە .
ڕەنگە بڵێی ئایا کەس هەیە لە ئاین تێنەگەیشتبێ ؟ بەڵێ بە ملیۆنان هەن .

ئایا کەس هەیە ئاینی پێ نەگەیشتبێ ؟
بەڵێ زۆر هەن ، خزمێکی نزیکی خۆم لە ناوچەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ئوستورالیا ئەندازیاری ڕێگاوبانە، بەر لە چەند ساڵێک خەریکی دروسکردنی ڕێگا بوون لە ناوچەکە، لەوێ ئاشنایەتیی لەگەڵ هۆزێک پەیداکرد بەناوی ؛

(ئەنانگو-Anangu)کە یەکێک لە هۆزە ڕەسەنەکانی ئوستورالیان، تا ئێستاش نازانن خودا و ئاین و پەیام چییە، ئێستاش لای ئەوان ئەگەر شەو بە تاریکی و بە تەنها بچیتە دەرەوە بونەوەرێک لە ئاسمانەوە دادەبەزێت و دەتبات و دەتکوژێت، تەنها ئەو بونەوەرە سەرچاوەی مردنە، ئەوەی زیاتریش ترسناکی دەکات ئەوەیە کە ئەو بونەوەرە سەیرە دەنگی پێیەکانیشی نایەت چونکە بنی پێیەکانی پەڕی پێوەیە بۆیە پێێ دەوترێ (پێ بە توک featherfoot ) ئەگەر لە تاریکیدابیت لە دواوە دێت و دەتبات بەڵام ئەگەر کۆمەڵێک بن یان ئاگرت بەدەستەوە بێ ئەوا سەلامەت دەبیت .

لای ئەوان هەموو پیاوێکی سپی خراپە و لێی دەترسن، چونکە ئینگلیزەکان کە بۆ یەکەم جار چوونە ئەوێ خەڵکی ڕەسەنی ئەوێیان دەکوشت، زۆریان لێ کوشتن تەنها کەمێک ماون کە زۆرێکیان لەناوچەی وا دەژین هیچ جۆرە شارستانیەتێکی تێدانییە و پەیوەندییان بە جیهانی دەرەوەی دارستان و ناوچەکەی خۆیان نییە، من خۆشم لە چین چیرۆکی هاوشێوەی سەیرم بیستوە، لە چین و کۆریا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا زۆرێک لە خەڵکی تا ئێستاش ئەسڵەن نازانن ئاین چییە، ئەوان هێندە سەرقاڵی ژیانن و هێندە داخراون دونیای دەرەوە نابینن، گەر بشبینن هێندەی لێ تێناگەن، ئەوەشمان بیرنەچێ کە گۆڕینی بیروباوەڕ پرۆسەیەکی زۆر سەختە .

جۆرەکانی بێباوەڕ
١- ئەتایست – الملحد – Atheist
ئەم جۆرەیان باوەڕی بە هیچ شتێکی میتافیزیکی نییە، واتە بەتەواوی بیرۆکەی خودا و ئاین و پەیام ڕەت دەکاتەوە لە پلەدا دوو جۆرن بێباوەڕی نەرێنی یان لاواز ، ئەم جۆرەیان لەگەڵ ئەوەی باوەڕی بە خودا نییە و ڕەتی دەکاتەوە بەڵام بە تەواوی نکۆڵی لە بوونی ناکات، بەڵام بێباوەڕی ئەرێنی یان بەهێز ، بە تەواوی بوونی هەموو زاتێکی پیرۆز و پەیامێکی پیرۆز ڕەت دەکاتەوە.

٢- دژەباوەڕدار – مناهض المٶمن- Anti-theist
ئەم جۆرەیان دژە ئاینن، واتە ئاین بە مەترسی دەزانن لەسەر کۆمەڵگە، بۆیە هەوڵدەدەن کڵێسا نەک هەر لە دەوڵەت بەڵکو لە زانست و پەروەردەش دووربخەنەوە چونکە بە تێڕوانینی ئەوان ئاین مەترسیدارە و سزای نامرۆڤانەی هەیە وەک بەردبارانکردن و قەدەغەکردنی نێربازی، هەروەها ئاین تاوانبارە بە لەخشتەبردنی منداڵ لە کلێساکان و خەتەنەکردن و زۆر شتی تر .

٣- نازانم – لا ادری – Agnostic
ئەم جۆرەیان دڵنیا نییە لە بونی خودا و پەیام و ئاین، نازانێ و نایەوێ بزانێ ، بە بڕوای ئەم گروپە ڕەنگە خودا هەبێ و بەڵگە پەیداببێ لەسەر بوونی بەڵام جارێ نازانین .

٤- بەگومان – شکاک – Skeptic
ئەو بێباوەڕانە دەگرێتەوە کە گومانیان هەیە لە بوونی خودا و ڕاستیی پەیامەکان، لەڕاستیشدا ناهەق نین، چونکە هێندە ئەفسانە و چیرۆکی بێ بنەمایان بیستوە لەژێر ناوی ئاین و پیرۆزییەکان وایان لێهاتوە باوەڕ بە هیچ شتێکی پەیوەست بە ئاین نەکەن، لە لایەکی تریشەوە کردەوەی ناشرینی هەندێک لە بڕواداران و دورییان لە کرۆکی پەیامە پیرۆزەکان هێندەی تر ساردیان دەکاتەوە لەسەر بڕواهێنان بە پیرۆزییەکان .

٥- بیرمەندی ئازاد- المفکر الحر – Free thinker:
ئەم زاراوەیە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی ١٧، بۆ یەکەمجار لە ئینگلتەرا بەکارهاتوە بۆ وەسفکردنی ئەو کەسانەی کە دژایەتی کڵێسا و ئەوانەی باوەڕی کوێرانەیان بە کتێبی پیرۆز هەبووە .
بیرکردنەوەی ئازاد هەڵوێستێکی فیکرییە کە دەڵێت بۆچونەکان دەبێ لەسەر بنەمای لۆژیک و بەڵگە بن نەک دەسەڵات و نەریت، فەیلەسوفە ناسراوەکان لەوانە جۆن لۆک و ڤۆڵتێر لە سەردەمی خۆیاندا بە بیرمەندی ئازاد ناودەبران .
هەندێک جۆری تری بێباوەڕ هەن وەک ( مرۆڤدۆست – الانسانی – ‌Humanist) لای ئەوان مرۆڤ لە هەموشتێک باڵاترە و باوەڕیان بە ئاین نییە، هەروەها (یەکیەتی گەردون – وحدة الوجود – Pantheism) جۆرێکی ترە کە باوەڕیان بە یەکێتیی گەردون هەیە و لای ئەوان خودا و گەردون یەک شتن، واتە خودا مانای گەردون و هەموشتەکانە .

کێ بێباوەڕ دروست دەکات ؟
بێباوەڕان ئێمە دروستیان دەکەین ، وردتر بڵیین کۆمەڵگە دروستیان دەکات ، کاتێک تاک پرسیاری بۆ دروست دەبێت و وەڵامی دروستی دەست ناکەوێت ئەوا ناچارە ڕێگەیەکی تر بگرێتەبەر، بێباوەڕان هەر ئەو بڕوادارانەی نێو کۆمەڵگەن بەڵام وردتر لە شتەکان دەڕوانن و گومان دەکەن و پرسیار دەکەن چونکە حەزدەکەن ڕاستیی شتەکان بزانن ، خوداش مرۆڤی بەگومانی خۆشدەوێ نەک باوەڕداری بێ ئەزمون، ئەوەتا هەموو پەیامبەران لەڕێی گومانەوە گەیشتن بە ڕاستی، ئەگەر ئەوان گومانیان نەبوایە نە پەیامیان بۆ دادەبەزی و نە دەبوون بە پێشەوای خەڵک .

گومان کلیلی گەیشتنە بە ڕاستی ، بۆیە لەم ڕوەوە بێباوەڕەکان هەنگاوێک لە پێش باوەڕدارە تەقلیدییەکانن، مەبەستم لە باوەڕداری تەقلیدی ئەوانەیە کە باوەڕیان وەک نەریت لە باوانەوە بۆ ماوەتەوە و هەرگیز ڕۆژێک پرسیاری ڕاستی و دروستیی باوەڕەکانی خۆیان نەکردوە و گومانیان لە هیچ شتێک نییە، پرسیاریان نییە چونکە وادەزانن وەڵامی هەموشتێکیان لایە، یان لانیکەم باوەڕەکەیان وەڵامی هەموو پرسیارەکان دەداتەوە .

بێباوەڕەکان لە گومانەوە دەست پێدەکەن، کە سوکترین پلەی بێباوەرییە بەڵام ئەگەر گومانەکانیان نەڕەوێنرایەوە پلەی بێباوەڕییان بەرزدەبێتەوە و دەبن بە بێباوەڕی تەواو یان دژە باوەڕدار بەپێی بارودۆخی کۆمەڵگە .

دیارە باوەڕ لە بنەڕەتدا هەڵەی تێدانییە بەڵام تێگەیشتنی تاک یان کۆمەڵگە بۆ باوەڕ هەڵەی زۆری تێدایە هەر بۆیە لەگەڵ پێشکەوتنی زیاتری زانست بێباوەڕی زیاتر دەردەکەون، ئەمەش دەرخەری ڕاستییەکی تاڵە، بەداخەوە زۆرێک لە پێشەوایانی ئاین وەڵامی پرسیارەکانیان لا نییە، یان ئەتەکێتی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی هێمنانە نازانن، من مامۆستای ئاینی گەورە دەناسم هەر هەموو منداڵەکانی بێباوەڕن، لە ٧ منداڵ تەنانەت یەک منداڵی مسوڵمانی نییە .!
باشە گەر ئەو مامۆستا بەڕێزە نەتوانێ وەڵامی پرسیاری منداڵەکانی خۆی بداتەوە چۆن ڕێنمایی خەڵک دەکا ؟ گەر نەتوانێ منداڵەکانی خۆی بخاتە سەر ڕێگەی ڕاست چۆن دەتوانێ منداڵی خەڵک ڕێنمونی بکات ؟
ئەگەر سەرنجی پێناسەکانی سەرەوە بدەین دەبینین سەرهەڵدانی هەمو جۆرەکانی بێباوەڕی کاردانەوەیە بەرامبەر تێگەیشتنی هەڵەی ئاین نەک خودی ئاین، سەرنجی مێژوی ئاین بدە لە ئەوروپا بە تایبەت پێش شۆڕشی فەڕەنسی، ئاین تەنگی بە خەڵک هەڵچنیبوو و ژیانی لێکردبوون بە دۆزەخ ، دەبێ بزانین کە سەرهەڵدانی شۆڕشی فەڕەنسا و هەموو شۆڕشەکانی تریش لە کاردانەوەی خەڵک بووە دژی خراپ مامەڵەکردنی کڵێسا و پیاوانی ئاینی نەک خودی ئاین .

ئەگەر سەرنجی مێژووی ئیسلامیش بدەین بەداخەوە هەندێک خاڵ بەدی دەکەین کە بوونەتە هۆی دورکەوتنەوەی خەڵکێکی زۆر لە ئیسلام وەک بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان بەناوی ئاین و مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵات و چەوساندنەوەی خەڵک لەلایەن سوڵتان و کاربەدەستانەوە بەناوی حوکمی خودا و سەپاندنی سزای کوشتن لەسەر بچوکترین تاوان و سەرپێچی و چەوساندنەوەی زاناکان و کافرکردنی فەیلەسوفان و …. هتد.

ئێمە لە ئەنجامی ناهۆشیاریی خۆمان بەدەستی خۆمان تاکی بێباوەڕ دروست دەکەین و پاشانیش نەفرەتیان لێدەکەین، ڕەنگە بڵێی ئاساییە تاکی بێباوەڕ هەبێ لەناو کۆمەڵگە ئەوەتا خێزان و منداڵی پەیامبەران هەبوون کە بێباوەڕ بوون، بەڵێ ڕاستە، بەڵام دەبێ ڕاستییەکان ڕوون بکرێنەوە، دوای ڕوونکردنەوە باوەڕهێنان و ڕەتکردنەوەی دەکەوێتە خانەی ئازادیی تاک .

بێباوەڕەکانتان خۆش بوێن و لەباوەشیان بگرن، چونکە هەر گومان و پرسیاری ئەوانە بەرەو ڕاستیمان دەبەن، لەبیریشمان نەچێت ئەوان هەر خوشک و برا و کەسی خۆمانن، ئەگەر ئێمە دووریان بخەینەوە و نەفرەتیان لێبکەین ئەی کێ وەڵامی پرسیارەکانیان بداتەوە.

ئەی خودای گەورە نافەرموێ (ئەی پەیامبەر ئێمە تۆمان ناردووە بۆ بڵاوکردنەوەی بەزەیی و میهرەبانی لە هەموو جیهان دا )؟
ئەی بڕیار نییە ئاین جێگەی هەموومانی تێدا ببێتەوە ؟ ئەی بڕیار نییە ئاین باوەشێکی پڕ لە سۆز و میهرەبانی بێت بۆ هەموو جیهان ؟
ئەی بۆچی فەرمانەکانی خودا پشت گوێ دەخەین و فەرمانی خەڵکی تر جێبەجێ دەکەین ؟

 

لیرەی تورکی ڕەنج بە خەسار دەبێت
پێت لیرەی تورکی ڕەنج بە خەسار دەبێت
پارێزگای هەولێر: پلانەکانمان بۆ جەژن وەک خۆی بەڕێوەچوو
دوات پارێزگای هەولێر: پلانەکانمان بۆ جەژن وەک خۆی بەڕێوەچوو
پەیوەندیدار