پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر دوو وەزیری كورد دەدات بۆ كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی لە حكومەتی نوێی عێراق.
سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بڕیار بوو لە كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان دەستپێبكات، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی نیسابەوە نیو كاتژمێر كۆبوونەوەكە دواخرا.
ڕاشیگەیاند، كارنامەی ئەمڕۆی كۆبوونەوەكە 9 بڕگەی لەخۆی گرتووە، كە یەكێك لە بڕگەكان دەنگدانە لەسەر كاندیدانی كورد بۆ پۆستە وزارییەكانی حكومەتی نوێی عێراق.
ئاشكراشی كرد، بەنگین رێكانی لەپشكی پارتی بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نزار محەمەد ئامێدی لەپشكی یەكێتی بۆ پۆستی وەزیری ژینگە، كاندیدكران.
لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقی، پارتی دوو وەزارەت (دەرەوە و ئاوەدانكردنەوە) لەگەڵ ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئێزدییەكان و یەكێتی دوو وەزارەت (داد و ژینگە)یان پێ دراوە، ئەمە جگە لە پێدانی پۆستەكانی سەرۆك كۆمار (لەتیف ڕەشید) و جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە كورد.