سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پێگەیشتووە بەمەبەستی پیرۆزبایی جەژنی قوربان.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ پێنج شەممە 29-06-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیاوە پێگەیشتووە.
ئاشكراشی كردووە، “ئەردۆغان پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە نێچیرڤان بارزانی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست، هەروەها پیرۆزبایی و هیوای سەركەوتنی پێشكەش بە هەرێمی كوردستان كرد”.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، وێڕای سوپاسگوزاری بۆ پەیوەندی و پیرۆزبایی ئەردۆغان، پیرۆزبایی جەژنی لە سەرۆك كۆماری توركیا و گەلی توركیا كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستوون.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “هەردوولا هیوایان خواست جەژن لەگەڵ خۆیدا خێر و خۆشی و ئاسوودەیی بۆ هەموو لایەك بهێنێت، هەروەها برەودان بە هاریكاریی هاوبەش و پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، تەوەرێكی دیكەی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوانیان بوو”.
ئاماژە بەوەشكراوە “ئەردۆغان و بارزانی هیوایان خواستووە جەژن؛ ئاشتی، خۆشگوزەرانی و بەرەكەت بۆ هەموو مرۆڤایەتی و لەسەروویانەوە بۆ جیهانی ئیسلامیی بهێنێت”.