لە كاردانەوەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید لەلایەن پەنابەرێكی عێر اقییەوە، لە بەغدا خۆپیشاندان دەستی پێكرد و چوونە سەر باڵیۆزخانەی سوید.
دوێنێ پۆلیسی سوید مۆڵەتی دا بە پەنابەرێكی عێراقی بۆ سووتاندنی قورئانی پیرۆز و لەبەردەم میدیاكان ئەو كارەی ئەنجامدا و ئەوەش ناڕەزایی فراوانی جیهانی لێ كەوتەوە.
ئەمڕۆش موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای خۆپیشاندانی فراوانی لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوید و دەركردنی باڵیۆزەكەیان كرد.
دوابەدوای پەیامەكەی سەدر خۆپیشاندان دەستی پێكرد و خۆپیشاندەران چوونە سەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و دەرگای پشتەوەی باڵیۆزخانەكەیان شكاندووە و چوونەتە ناو باڵیۆزخانەكەوە.
لای خۆشیەوە، ئەنجوومەنی دادوەری عێراق بڕیاریدا لەڕێگەی دادگا و داواكاری گشتییەوە ڕێكاری یاسایی بگرنەبەر بۆ داواكردنەوەی ئەو پەنابەرە عێراقییە و هێنانەوەی بۆ عێراق و دادگایی كردنی.