وەزیری تەندروستیی عێراق: ئاژەڵەکانتان لە کوشتارگەکان سەربڕن



وەزیری تەندروستیی عێراق، ساڵح حەسناوی داوای لە ھاووڵاتییان کرد کە لەچوارچێوەی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، ئاژەڵەکانیان لە ماڵەوە سەرنەبڕن، بەڵکو لە کوشتارگەکان سەریان ببڕن.

ساڵح حەسناوی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە کە ھێشتا تۆمارکردنی حاڵەتەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون بەردەوامە و گوتی: “لەئێستادا، کۆنترۆڵکردنی تای خوێنبەربوون لە عێراق بەراورد بە ماوەکانی رابردوو، باشترە”.

وەزیری تەندروستیی عێراق داوایشی لە ھاووڵاتییان کرد کە لە رۆژانی جەژنی قورباندا، ئاژەڵەکانیان لە ماڵەوە سەر نەبڕن، بەڵکو لەچوارچێوەی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە کوشتارگەکاندا، سەریان ببڕن.

ھەروەھا وەزیری تەندروستیی عێراق، ساڵح حەسناوی داوای لە قەسابەکان کرد کە لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵەکاندا، پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستی و گوتی: “پێویستە قەسابەکان لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵەکان، دەستکێش لەدەست بکەن و و جلوبەرگی خۆپارێزیی لەبەر بکەن، ھەروەھا ئەو شوێنەی کە ئاژەڵەکانیان تیایدا سەردەبڕن، بە باشی پاکی بکەنەوە”.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە مانگی ئایاری رابردوودا، گوتەبێژی وەزارەتی تەندورستیی عێراق، سەیف بەدر رایگەیاندبوو کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، ١٢٠ حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنەربوون لە عێراق تۆمارکراوە.

ئاماژەی بەوەشدابوو کە لەو ژمارەیە، ٢٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.

ساڵانە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قورباندا، بەشێک لە ھاووڵاتییان روو لە بازاڕی ئاژەڵان دەکەن و ئاژەڵ دەکڕن، بۆ ئەوەی لە رۆژانی جەژندا بیانکەن بە قوربانی.

لەیەکەم ڕۆژی جەژندا مێرمنداڵێك خنکا
پێت لەیەکەم ڕۆژی جەژندا مێرمنداڵێك خنکا
ژمارەی تووشبووانی پەتا مەترسیدارەکە بەرزبووەوە
دوات ژمارەی تووشبووانی پەتا مەترسیدارەکە بەرزبووەوە
پەیوەندیدار