دوای خۆرئاوابوون و مانەوە بە درێژایی ئەمڕۆ لە كێوی عەرەفە وەك یەكێك لە ڕوكنەكانی فەریزەی حەج، حاجیان بەرەو ناوچەی موزدەلیفە بەڕێكەوتن و تاوەكو بەیانی جەژن دەمێننەوە.
ئەمڕۆ 9ی زیلحیجە (27ـی حوزەیرانی 2023) دەكاتە نۆمینەی حاجییان و لە بەیانی ئەمڕۆوە حاجیان لەسەر كێوی عەرەفە وەستان بۆ بەجێگەیاندنی گەورەترین ڕوكنی فەریزەی حەج و سبەی یەكەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزە و حاجییان روكنەكانی دیكەی حەج ئەنجام دەدەن.
ئێوارەی ئەمڕۆش دوای خۆرئاوابوون حاجییان بەرەو موزدەلیفە بەڕێكەوتن و وەك ڕوكنێكی دیكەی حەج دەبێت تاوەكو بەیانی جەژن لەوێ بمێننەوە و نوێژی ئێوارە و خەوتنان كورتبكەنەوە و پێكەوە ئەنجامی بدەن.
موزدەلیفە دەكەوێتە نێوان مینا و كێوی عەرەفە، حاجیان دوای گەڕانەوەیان لە كێوی عەرەفە لەوێ دەمێننەوە و بەگوێرەی رێكارەكانی ئەنجامدانی فەریزەی حەج، مانەوە لە موزدەلیفە واجبە، هەروەها سوننەتە حاجی تاوەكو بەیانی جەژنی قوربان لە موزدەلیفە بمێنێتەوە و ئەگەر هەر حاجییەكیش لە موزدەلیفە نەمایەوە ئەوا كەفارەتی دەكەوێتە سەر.
وەزارەتی حەجی سعودیە ڕایگەیاند، كۆی گشتی ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ ملیۆنێك و 845 هەزار و 45 حاجیە، كە لە 150 وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی تەندروستیی سعودیە بڵاویكردەوە، لەمیانی مانەوەی حاجییان لەسەر كێوی عەرەفە، ئەمڕۆ 287 حاجی بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرماوە تەندروستییان تێكچووە و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.