بانكی ڕافیدەین، بەردەوام پێدانی چەندین جۆر قەرز و پێشینە بە هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی عێراقی ڕادەگەیەنێت بۆ كڕینی زەوی و دروستكردنی خانوو و نەخۆشی شێرپەنجە و پڕۆژەی كار و ماوەی دانەوەشی بۆ دوورمەودا دیاری دەكات، لە ئێستاشدا قەرزێكی 150 ملیۆن دیناری بۆ كڕینی خانوو دەدات و بە 10 ساڵ وەریدەگرێتەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم ساڵانێكە هەموو جۆرە قەرز و پیشینەیەكی بۆ فەرمانبەران و هاووڵاتیانی ڕاگرتووە و لە ئێستاشدا ئۆفەر و داشكاندنی بۆ وەرگرتنەوەی قەرز و پیشینەكانی هەیە و هەندێكیان دەكاتە قیست و بۆ هەندێكیش داشكاندن دەكات.
لە نوێترین هەنگاودا، بەپێی بەیاننامەیەك كە رۆژی شەممە 3-12-2022 لەلایەن بانكی ڕافیدەینەوە بڵاوكراوەتەوە”ماوەی دانەوەی قەرز بۆ كڕینی خانوو دەكاتە 10 ساڵ”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”سودی ئەو قەرزەی دەیدات دەگاتە لەسەدا 4 و بڕی ئەو قەرزەش كە دەدرێتە هاووڵاتیان بۆ كڕینی خانوو، دەگاتە 150 ملیۆن دینار”.
ئەمە لە كاتێكدایە، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانێكە هیچ قەرز و پێشینەیەكی نەداوەتە هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی، بەڵكو سوورە لەسەر وەرگرتنەوەی قەرزەكانی لەدۆخێكدا زۆرێك لە مووچە خۆرانی لانی كەم چەندین مووچەیان فەوتاوە جگە لە لێبڕین و پاشەكەوتكردنی هەندێك لە مووچەكانیان.
وابڕیارە، لە دوای كردنەوەی بانكی نیشتمان، كە سەر بە بانكی ناوەندی عیراق دەبێتە، ئەم جۆرە پێشینانەی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەدرێن هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە.
پیشتریش بانكی ڕافیدەینی عێراق بڕیاریدا بە پێدانی قەرزێك بە بڕی 25 ملیۆن دینار بەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت پڕۆژەی ئابووری خۆیان دابمەزرێنن، بەڵام قەرزەكە هاووڵاتیانی هەرێم ناگرێتەوە.
بانكی ڕافیدەین لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، قەرزێك بە بڕی 25 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەی بچووك دەدەن بە هاووڵاتییان و كاسبكاران و لە ماوەی 6 ساڵدا وەردەگیرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، رێژەی سوودی سەر قەرزەكە 6%ـە و دوای 6 ساڵ لە سوودمەندبوو وەردەگیرێتەوە، ئەگەر كەسی سوودمەندبوو نەیتوانی لەو ماوەیەدا قەرزەكە پاكتاوبكات، 6 مانگی دیكەی بۆ درێژدەكرێتەوە.
بانكەكە ئاشكراشی كردووە، هاووڵاتییان دەتوانن مامەڵە پێشكەش بە لقەكانی بانكەكە بكەن بۆ وەرگرتنی قەرزەكە.
هەرچەندە ئەو جۆرە قەرز و پێشینانەی بانكی ڕافیدەین لە ئێستادا هاووڵاتیانی هەرێم ناتوانن وەریانبگرن، بەڵام د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایدەكات، چەند نووسراوێكیان ئاڕاستەی بانكی ناوەندی كردووە لەسەر پێدانی ئەو قەرز و پێشینانە بە هاووڵاتیانی هەرێم و ئەوانیش داوای ڕەزامەندی كردنەوەی لقی ئەو بانكانە (ڕافیدەین و ڕەشید)یان لە وەزارەتی دارایی هەرێم كردووە.
ئاشكراشیكردووە، ڕەزامەندی سەرەتایی دراوە بۆ كردنەوەی لقی ئەو بانكانە لە هەرێم و لەكاتی كردنەوەیان ئەو قەرز و پێشینانە هاووڵاتیانی هەرێمیش دەگرێتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندی كۆبوونەوە و ڕایانگەیاند، گفتوگۆیان لەسەر كردنەوەی بانكی نیشتمان لە هەرێم كردووە.
جیا لە بەردەوامی پێدانی قەرز بە هاووڵاتیانیان، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریداوە بە دامەزراندنی زیاتر لە 39 هەزار لە هەڵگرانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس و ماجستێر و دكتۆرا.
وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیار دراوە بە دامەزراندنی 39 هەزار و 434 پلەی وەزیفی نوێ لە سەر ئاستی وەزارەت و دامەزراوەكان.
لەو ژمارەیە 19 هەزار و 94 هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس و 17 هەزار و 309 بڕوانامەی ماجستێر و 3 هەزار و 31 بڕوانامەی دكتۆرا دەگرێتەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق ڕێكارەكانی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023ی تەواو كردووە، كە تیایدا بە هەزاران پلەی وەزیفی بۆ دامەزراندن لەخۆدەگرێت لەگەڵ بە هەمیشەیی كردنی ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی دوو ساڵ و بەرەو سەرەوە خزمەتی گرێبەستیان هەیە.