بەهۆی نەناردنی بەنزینی ٤٥٠ دیناری بۆ هەرێم، بە نوێنەرایەتیی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە دادگای فیدراڵی سكاڵایەك لەسەر سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق تۆمارکرا.
غالب محەمەد، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە یاوەری دەستەی داکۆکیکار لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، سكاڵایان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی لەسەر محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت تۆماركردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، تۆمارکردنی سکاڵاکە لەسەر پێنەدان و نە ناردنی رێژەی ١٢.٦٧٪ی سووتەمەنییە بە پاڵپشتی حكومەت دیاریکردنیی نرخەکەیەتی وەك بەنزین كە لیتری بە٤٥٠ دینار و گاز بە ٤٠٠ دینار و نەوتی سپی ١٥٠دینار.
وتیشی، بەپێی دەستووری عێراق، دوای ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای (سۆمۆ)هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش مافی دەستووریی خۆیانە وەک هەر هاوڵاتییەکی دیكەی عێراق سووتەمەنیان بە نرخی پاڵپشتی پێبدرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ گەڕاندنەوەی مافی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەموو ڕێگایەكی یاسایی و دەستووری دەگرنەبەر.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەپێی رێككەوتنەكانی هەرێم و بەغداد دوای پەسەندكردنی بودجە پێویستە نرخی یەک لیتر بەنزین لە هەرێمی کوردستان هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراقبێت کە بە ٤٥٠ دینار دیاریکراوە.