سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە تورکمان کۆتاییمان بە ئەرکی پەرلەمانی هێنا و دەشڵێت: “داوای پەیڕەوكردنی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازەكان دەكەین”.
مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، ئەمرۆ دوو شەممە، وەک سکرتێری پەرلەمان و سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پێکهاتەی تورکمان کۆتاییمان بە ئەرکی پەرلەمانی هێنا.
ڕاشیگەیاندووە، بەنووسراوی فەرمی ئاراستەی دیوانی پەرلەمانی کوردستانمان کرد بەمەبەستی ئەنجامدانی ڕێکاری یاسایی بە گوێرەی یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠، یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان – عێراق.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەر ئەمڕۆ فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان كۆتایی بە كارەكانی هێنا و زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كە داوامان لە دیوانی پەرلەمان كردووە ڕێكاری یاسای بگرێتەبەر بەپێی یاسای چاكسازی و لە بەرواری ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٣وە مووچەی پەرلەمانتاری ڕەت دەکەینەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان.