نێچیرڤان بارزانی دۆسیەی هەڵبژاردنی هەرێمی بردە ئەڵمانیا



سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دۆخی ناوخۆی هه‌رێم و هه‌ڵبژاردن و دوایین پێشهاته‌کانی ناوچه‌کهی لەگەڵ وەزیرانی ئەڵمانیا تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئەڵمانیا له‌گه‌ڵ تۆبياس ليندنه‌ر وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى ئه‌ڵمانيا بۆ كاروبارى ده‌ره‌وه‌ كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌که‌دا نێچيرڤان بارزانى خۆشحاڵيى خۆى به‌ ئاستى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و باسى له‌ ئه‌نجامه‌ ئه‌رێنييه‌كانى سه‌ردانى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق بۆ به‌رلين كرد، هه‌روه‌ها داواى كرد ئه‌ڵمانيا له‌ پشتگيریی عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش به‌رده‌وام بێت.

لاى خۆيه‌وه‌ ليندنه‌ر ئاماده‌ییی ئه‌ڵمانیای دووپات کرده‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدان و پشتگیریی عێراق و هه‌رێمی کوردستان لە هه‌ر کاتێک و بوارێکدا پێویست بێت، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ به‌ر‌ده‌وامیی ئه‌رکی هێزه‌ ئه‌ڵمانییه‌کان له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعشدا کرده‌وه‌.

دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان و هه‌ڵبژاردن و دوایین پێشهاته‌کانی ناوچه‌که‌ به‌گشتی، لایه‌نێکی دیکه‌ی کۆیوونه‌وه‌که‌ بوو که‌ به‌ڕێز باڵیۆزی عێراق له‌ به‌رلین ئاماده‌ی بوو.

پێش ئەو کۆبوونەوەیەش سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌رلين له‌گه‌ڵ سڤينيا شوولتز وه‌زيرى هاريكاريى ئابوورى و په‌ره‌پێدانى ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌که‌دا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هاريكاريى هاوبه‌شى هه‌ردوولا له‌ بواره‌ جياكاندا، دۆخى شه‌نگال و ئێزدییان و‌ ئاواره‌ په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و مه‌ترسييه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا له‌سه‌ر عێراق، تاوتوێ كران.

نێچيرڤان بارزانى سوپاسى پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى ئه‌ڵمانياى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و خۆشحاڵيى خۆى به‌ ڕێككه‌وتنه‌كانى ئه‌م دواييه‌ى نێوان ئه‌ڵمانيا و عێراق ده‌ربڕى و خواستى هه‌رێمى كوردستانى دووپات كرده‌وه‌ بۆ بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانيا.

لایخۆشیەوە سڤينيا شوولتز، به‌رده‌واميى پشتگيرى و خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ هاريكارى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕی به‌تايبه‌تى له‌و بوارانه‌دا كه‌ پێويستن وه‌ک وه‌به‌رهێنان و مه‌شق و ڕاهێنان له‌ بواره‌‌ جیاکاندا و فره‌چه‌شنکردنی ئابووری به‌ شێوه‌یه‌ک یارمه‌تیده‌ر و هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ ڕێکاره‌کانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی کاریگه‌رییه‌کانی گۆڕانی که‌شوهه‌وا له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان.

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان کۆتایی بەکارەکانی هێنا
پێت فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان کۆتایی بەکارەکانی هێنا
بەهای دۆلار و نرخی ئەمڕۆی زێڕ لەبازاڕەکانی هەرێم چەندە؟
دوات بەهای دۆلار و نرخی ئەمڕۆی زێڕ لەبازاڕەکانی هەرێم چەندە؟
پەیوەنیدر