بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەڵاحەدین بەهائەدین كۆبوونەوە و ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ڕایگەیاند، لەکاتی دروستبونی ناکۆکیەکان کار لەسەر ئەوە بکەن کە مووچە و بژێوی خەڵک لەدەرەوەی ناکۆکیەکان بێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی یەکگرتوی ئیسلامی، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەک شەممە، سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامیی بە ئامادەبونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی جێبەجێکردن و سەرکردایەتی، پێشوازی کرد لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و شاندێکی یاوەری.
ئەمینداری گشتی یەکگرتو جەختیکردەوە، “پێویستە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و مووچەخۆران بە تایبەتی نەبنە قوربانی ململانێ سیاسیەکان، چونکە بەداخەوە لەماوەی 30 ساڵی حکومڕانی کوردیدا هاووڵاتیانی سڤیل قوربانی یەکەمی ناکۆکی و ململانێ سیاسیەکان بوون”.
وتووشیەتی، “پێویستە لەسەر کاربەدەستانی حکومی لەکاتی دروستبونی ناکۆکیەکان کار لەسەر ئەوە بکەن، کە مووچە و بژێوی خەڵک لەدەرەوەی ناکۆکیەکان بێت”.
ئەمینداری گشتی یەکگرتو ئاماژەی بەوەدا، “زەرورە کورد خۆی بۆ هەر گۆڕانکارییەکی چاوەڕوان نەکراو لە ناوچەکە ئامادە بکات و بەرنامە و پلانی پێشوەختەی بۆ ئەو مەبەستە هەبێت”.
لەلایەن خۆشیەوە، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕۆڵی ئەمینداری گشتی یەکگرتوی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان بەگرنگ وەسف کرد و ڕونیشیکردەوە، “یەکگرتوو هەر لەسەرەتای دروستبوونی تاوەکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت زەرورەتی کایەی سیاسی کوردستان بووە”.