ئەردۆغان بۆ پرسی نەوت دەگاتە هەولێر و بەغدا



میدیاكانی عێراق لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویانكردۆتەوە، كە دوای ڕەزامەندی سەرۆكی توركیا، سەرۆك وەزیرانی هەرێم نەوتی ڕادەستی عێراق كردووە و دەشڵێت: “ئەردۆغان لە 25ی ئەم مانگەدا سەردانی بەغدا و هەولێر دەكات”.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (بغداد الیوم)، كە لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، ۲٥ی ئەم مانگە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا سەردانی بەغدا و هەولێر دەكات و دوا کێشەکانی پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم یەکلایی دەکاتەوە.

وەك سەرچاوەكە وتویەتی، “مەسرور بارزانی ڕازی بووە فایلی نەوتی هەرێم ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات، چونکە لەسەردانەكەی ئەم دواییەی بۆ ئەنقەرە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پێی ڕاگەیاندووە، کە تەنها مامەڵە لەگەڵ بەغداد دەکات، هەرئەوەش لە ئەجێنداکانی سەردانەکەی 25ی ئەم مانگەی ئەردۆغان دەبێت بۆ عێراق”.

میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەرێمی کوردستان بە “دەستکەوتێکی بەنرخ” بۆ حکومەتی بارزانی وەسف دەكەن.

وەفا محەمەد کەریم، كادری پێشكەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە، سەردانی چاوەڕوانکراوی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ بەغدا لە هەفتەی داهاتوودا بۆ تاوتوێکردنی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، “تورکیا 3 خاڵی سەرەکی داناوە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، بەڵام حکومەتی عێراق لە دوایین کۆبوونەوەکەدا، کە لە ئەنقەرە ئەنجامدرا، ڕەزامەندییان پێنەدا”.

ئاشكراشی كردووە، ئێستا كێشەی نەوت لەدەست حكومەتی كوردستاندا نەماوە و بەتەواوی دۆسیەكەی گواستراوەتەوە دەستی حكومەتی فیدڕاڵی و بەتایبەت كۆمپانیای سۆمۆ و وتیشی، “ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بۆ چارەسەری پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە هەفتەی داهاتوودا سەردانی بەغدا و هەولێر دەكات”.

لەم هەفتەیەدا گفتوگۆ لەنێوان عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنی تورکیا سەبارەت بە دووبارە ەناردەكردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان ئەنجام درا، کە لە 25ی ئازارەوە ڕاگیرابوو بەبێ ئەوەی چارەسەری لێبکەوێتەوە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا، کە بەرپرسانی وزە و ئاسایش و بازرگانی لەخۆگرتبوو سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیای کرد.

ئەڵمانیا ئاسانکاری بۆ کۆچبەران دەکات
پێت ئەڵمانیا ئاسانکاری بۆ کۆچبەران دەکات
لە 16 پارێزگای عێراق پلەی گەرما لە سەروو چل پلەیە
دوات لە 16 پارێزگای عێراق پلەی گەرما لە سەروو چل پلەیە
پەیوەنیدر