سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی لە ئەنجومەنی پارێزگا ڕایگەیاند، دەبێت نرخی نەوت و سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشتیکراوبێت.
لەگەڵ ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، پەسەندکردنی بودجە ئێستا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان چاویان لە دابەزینی نرخی بەنزین و نەوتە.
لەبارەی دابەزینی نرخی بەنزین و نەوت، دیمەن ڕەزا، سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەگەر بڕیاربێت هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاووڵاتی عێراقیدا یەکسان بێت، ئەوا دەبێت نرخی نەوت و بەنزین هاوشێوەی عێراقی لێبکرێت.
دیمەن ڕەزا، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد حکومەتی عێراقی پاڵپشتی نرخی بەزین و نەوت دەکات، ساڵانە لە بودجەدا بڕێک پارە بۆ پاڵپشتیکردن تەرخاندەکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەبێت لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراقدا نرخی نەوت و بەنزین داببەزێت و حکومەتی عێراق بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت.