بەپێی هەواڵێکی سی ئێن ئێن، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، ئادەم هۆدج راگەیەندراوێکی سەبارەت بە بابەتەکە بڵاوکردەوە.
ئادەم هۆدج رایگەیاند: “چاودێری پێشهاتەکان دەکەین، زانیاری دراوە بە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن”.
هەروەها هۆدج باسی لەوە کرد کە لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکاندا گفتوگۆ دەکەن لەبارەی پێشهاتەکانی رووسیا.
– گرژییەکانی رووسیا
پریگۆژین کە بانگەشەی ئەوە دەکات لە ئۆکرایناوە سنووری بەزاندووە و چووەتە خاکی رووسیاوە رایگەیاند: “با وەزارەتی بەرگریی (رووسیا) ئەو سەربازانە بکشێنێتەوە کە ناردوویەتی بۆ رێگریی کردنمان. هەر کەسێک بێتە سەر رێگامان لەناوی دەبەین. تا کۆتایی دەڕۆین”.
دامەزرێنەری گرووپی چەکداریی ڤاگنەر، یێڤگێنی پریگۆژین سوپای رووسیای تۆمەتبار کردبوو بە هێرشکردنە سەر ڤاگنەر و هەڕەشەی تۆڵە کردنەوەی کردبوو، لە بەرامبەردا دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا، بە تۆمەتی “یاخیبوونی چەکداریی” دۆسیەی لەسەر کردەوە و داوای لە ئەندامانی ڤاگنەر کردبوو پریگۆژین دەستگیر بکەن.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا ئەو بانگەشانەی بەدرۆ خستەوە کە باس لەوە دەکەن سوپای وڵاتەکەی هێرشی کردبێتە سەر کەمپەکانی ڤاگنەر.
هاوکات لە مۆسکۆ رێوشوێنی ئەمنیی توند گیراوەتەبەر.