بەڕێوبەری سووتەمەنی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی بەنزین بە هەمان نرخی پارێزگاكانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكرێت، كە 450 دینارە بۆ لیترێك.
ئاری كاكەشین، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاندووە، دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق ڕێككەوتن و بودجەش پەسەندكرا، پێویستە نرخی بەنزین نرخەكەی لە پارێزگاكانی عێراق چەندە لە هەرێمی كوردستانیش هەمان نرخ بێت.
ڕاشیگەیاند، جارێ لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی بگەینە ڕێككەوتن، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتى سامانە سروشتییەكان نووسراوی فەرمیی ئاڕاستەی بەغدا كردووە بۆ ئەوەی بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت.
وتیشی، “تا ئێستا هەر بەنرخی گران بەنزینمان پێدەدەن، كە نرخی هەر لیترێك بەكەمتر لە 700 دینار پێمان دەدەن، تا دەگاتە لای خۆمان بە كرێوە دەگاتە 750 دینار، ئێمەش بەو نرخە بە هاووڵاتیانی دەفرۆشین، چونكە لیتری بە 430 دینار دەدەنە پارێزگاكانی خۆیان، لە پارێزگاكانیش بە 450 دینار دەفرۆشرێت”.
جەختیشی كردەوە، ئێمە لە هەوڵەكان بەردەوام دەبین تا بەهەمان نرخی خۆیان بەنزین بۆ ئێمەش دابین بكەن.