وەزارەتی بارزگانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە بەردەوامن لە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان و دەست بە سەبەتەی دەیەمی بەشەخۆراك كراوە و بەرپرسێكی دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی دەڵێت: “كۆگاكان پڕبوون لە خۆراك و ساڵی داهاتوو بەشەخۆراك زیاد دەكات”.
ئەسیر داود سلیمان، وەزیری بازرگانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كارمەندانی كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراك لەسەرجەم پارێزگاكان بەردەوامن لە دابەشكردنی بەشەخۆراكی دەیەم.
ڕاشیگەیاندووە، داوا لە هاووڵاتیان دەكەین سەردانی بریكارەكانی خۆراك بكەن بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراكی مانگانە، كە خۆی لە 6 ماددەی سەرەكی (برنج و شەكر و زەیت و دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەكان) دەبینێتەوە.
لای خۆشیەوە، شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە بەغداوە بەردەوام بەشەخۆراك دەگاتە دەستمان و هێندە زۆرە شوێنمان نییە بۆ هەڵگرتنی، بۆیە ڕاستەوخۆ دابەشی دەكەین.
ڕاشیگەیاند، لە سنووری سلێمانی مانگانە 37 هەزار تەن خۆراك و ئارد دابەش دەكرێت و 12كۆگەی هەڵگرتنی خۆراكمان هەن و هەموویان پڕ بوون.
ئاشكراشی كرد، پێویستیان بە 30 كۆگەیە بۆ هەڵگرتنی خۆراك، چونكە پێمان ڕاگەیەنراوە، كە ساڵی داهاتوو بەشەخۆراك زیاتریش دەبێت.
لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی خۆراك لە هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەستیان كردووە بە دابەشکردنی سەبەتەی دەیەمی بەشەخۆراك بۆ ساڵی۲۰۲۲ لەسەر لیستی بریکاری مانگی۱۱ / ٢٠٢٢.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە بنکەی۲۰۱ ناوشار دابەشکردن دەست پێدەکرێتو ئەو بریکارانەی خۆراک، کە پێشتر لیستی بریکاریان گەڕاندۆتەوە بەشەخۆراکیان بۆڕەوانە دەکرێت.