وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم بڕیاری دا، پێدانی مۆڵەت بە مووچەی تەواو هێزەكانی پێشمەرگە و كارمەندانی هێزەكانی ناوخۆ بگرێتەوە، كە لە خێزانەكەیاندا كەسی كەمئەندام هەیە.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم لە نووسراوێكدا، كە ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگەی كردووە ئاماژەی بەوەكردووە، “لەبارەی داواكاری بۆ مۆڵەتی بەخێوكەر، ئەوانەی ئەو كەمئەندامانەیان هەبێت، مۆڵەتەكە دەیانگرێتەوە (ئۆتیزم و داوون و بیركۆڵ 80% بەسەرەوە، هەروەها ئیفلیجی مێشك و نابینا و شیزۆفرۆنیا و كەمئەندامی جەستەیی بە رێژەی 100%)”.
ڕاشیگەیاندووە، هەر كارمەندێك و پێشمەرگەیەك داوای ئەو مۆڵەتە بكات، دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە بۆ لیژنەی هەمیشەیی وەزارەتی تەندروستی بنێرێت و ئاماژە بە ڕێژە و جۆری نەخۆشییەكەی بكات و دوای ئەوە بەپێی ئەنجامەكەی نووسراو بۆ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەكرێت بۆ مۆڵەتدانی.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم زیاتر لە 90 هەزار کەمئەندام لە هەرێم بوونیان هەیە، لەو ڕێژەیەش بەشێکیان پێویستیان بە چاودێری کردنی ورد هەیە لەلایەن دایکان و باوکانیان، بۆ ئەوەش مۆڵەتی بەخێوكەر بە مووچەی تەواو دەدرێت بە دایك یان باوك ئەگەر فەرمانبەر بێت.