وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، كە بەهۆی دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 6ی ئامادەیی ڕۆژانە 4 كاتژمێر هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێن.
كەریم سەید، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، لە سبەینێوە هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێن تا تەواوبوونی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 6ی ئامادەیی.
ڕاشیگەیاند، ڕۆژانە هێڵەكانی ئینتەرنێت لە كاتژمێر 4ی بەرەبەیان تاوەكو 8ی بەیانی ڕادەگیرێن، ئەوەش لەپێناو سەلامەتی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكان.
ڕوونیشی كردەوە، وەزارەتی پەروەردە سەرجەم ئامادەكارییەكانی ئەنجام داوە لە هەماهەنگی فەرمانگە ئەمنی و خزمەتگوزارییەكان.
ئاشكراشی كرد، ژمارەی ئەو خوێندكارانەی بەشداری تاقیكردنەوەكان دەكەن پێكهاتوون لە زیاتر لە 689 هەزار خوێندكار، كە دابەشبوون بەسەر 4 هەزا و 769 ناوەندی تاقیكردنەوە لە بەغدا و پارێزگاكان و نوێنەرایەتییەكانی هەرێمی كوردستان.